وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە و لە ئێستادا یەکەکانی وێستگەی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە و کارەبای پڕۆژەی 24 کاتژمێری دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئاسایبوونەوەی دۆخی کارەبا و بەڕێوەچوونی کارەکانی، سەردانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کرد ڕایگەیاند، دەبێت گەڕانەوەی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە ڕیزبەندیی پێشەوەی کارەکان بێت، هەروەک بەزووترین کات هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا و داناغاز و سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن دەکرێت.
سەبارەت پێدانی گرەنتی بە کۆمپانیای داناغاز، بە داواکارییەکی ڕەوای زانی و دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بە پێویست زانی.
وتیشی: ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و لە ئێستادا یەکەکانی وێستگەی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە و کارەبای پڕۆژەی 24 کاتژمێری دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
باسی لەوەشکرد: گەڕانەوەی چوار هەزار 200 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی کارەبا کارێکی گەورەیە.
