ئەمڕۆ شەممە، لە شاری هەولێر و بە سەرپەرشتی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری كۆبووەوە و دەڵێت: بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرش و پەلامارانە دەكەن، كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان.
سەركردایەتی كۆمەڵ لە ڕاگەیەنراوێكدا “بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرش و پەلامارانەی” كرد كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان كە دواترینیان لە چەند شەوی ڕابردوودا كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
سەركردایەتیی كۆمەڵ ڕایگەیاند: لەو هێرش و پەلامارانەدا بەگشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند بوون، هیوادارین دەزگاکانی حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بەزووترین كات ئەنجامدەرانی هێرشەكان بدۆزنەوە و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی گشتیی و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی جەخت دەكاتەوە كە كۆمەڵ لەگەڵ یەكهەڵوێستی و كاری هاوبەشی فڕاكسیۆنە كوردییەكانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بناغەی نەخشەڕێگەیەك كە هەموو لایەك لەسەری ڕێك دەكەون.
تایبەت بە كاروباری ئۆرگانەكان و تەشكیلاتی نوێی حزبەكە، سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریشی دا “ئەو مەڵبەندانەی لە سنووری مەڵبەندەكانیان ئەندامی سەركردایەتیی نییە، لەو مەڵبەندانە كۆنفڕانسی ناوچەیی ببەسترێت و بەرپرسی مەڵبەند هەڵببژێردرێت”.

