پەرلەمانتاری تازە هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق (عامر فایز) ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەکات، کە بەتەمەنترینی پەرلەمانە لەنێو ئەندامانی هەڵبژێردراو و دەشڵێت: دوو ساڵ لە نوری مالكی گەورەترە.
عامر فایز، ئەندامی دەرچووی پەرلەمانی عێراق بۆ (بغداد الیوم) وتی، “زۆرێک وتوویانە کە نوری مالکی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی داهاتووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە من لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایک بووم، لە کاتێکدا ئەو لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایک بووە، بۆیە من بەتەمەنترینم بەپێی ئەو بڕگەی دەستووری، کە سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەمی بەڕێوەدەبات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەرچەندە دوو ساڵ لە من بچووکترە، بەڵام لەڕووی بەشداریکردن و باڵا و ئەزموونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە تەمەنی گەورەترە. ئەمە ڕاستییەکە بۆ هەمووان دەیزانن، بەڵام تەمەن هۆکاری یەکلاکەرەوەیە لە خولی یەکەمدا”.
ڕاشیگەیاندووە، “بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەم دەکات، لەو ماوەیەدا کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە”.
وتیشی، “چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین، دوای ئەوە سەرۆکی کۆمار بانگەوازی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی زۆرترین 15 ڕۆژدا لە بەرواری بانگەوازەکەوە کۆببێتەوە”.
براوە ڕوونیشی کردەوە، “ئەو دانیشتنەی کە بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دەکات، تایبەت دەبێت بە بەڕێوەبردنی سوێندی دەستووری، کردنەوەی کاندیدەکان و کۆتاییهێنان بە هەنگاوە سەرەتاییە ڕێکارییەکان. دوابەدوای ئەمەش پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی بەپێی چوارچێوەی یاسایی”.
“بەتەمەنترین ئەندام” واتای چییە؟
بەپێی ماددەی (54)ی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق پرەنسیپی “بەتەمەنترین ئەندام” بۆ سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەم پەسەند دەکات. لە یاساکەدا هاتووە کە بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراو ئەم بەرپرسیارێتیانەی خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:
١- سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەم بە شێوەیەکی کاتی.
2- سەرپەرشتیکردنی سوێندخواردنی ئەندامان.
3- کردنەوەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی.
4- بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ئەو کاتەی سەرۆکی هەڵبژێردراو سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەگرێتە ئەستۆ.
بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی نییە، بەو پێیەی ڕۆڵیان کاتییە و دەستبەجێ لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی دێت. بە پشت بەستن بە تەمەنی براوەکانی خولی ئێستا، پەرلەمانتار (عامر فایز) بەتەمەنترینە، بەمەش دەبێتە سەرۆکی کاتی بۆ خولی دەستپێکی دانیشتنەکە.
