نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە مووچە دابەشدەکرێت”.
عەلی ڕەئووف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەکرێت بۆ مانگی ئەیلوولی 2025.
بەپێی وتەی عەلی ڕەئووف، پرۆسەی دابەشکردنەکە ئەم بەشانە دەگرێتەوە، مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە: کە ژمارەیان 37,933 مامۆستایە، و مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە ژمارەیان 4,100 مامۆستایە.
ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دراوە.
بەپێی بڵاوکراوەی پێشتری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی مووچەی مانگانەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 400,000 بۆ 500,000 دیناری عێراقییە، و حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە بڕی نزیکەی 19 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست، و ئەم مووچانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن.
