قەیرانی غاز ڕوونکردنەوەی لەسەر درا و کارگەکانی سلێمانی بڕی ئەو غازە ئاشکرادەکات کە بۆ ناوخۆ لە ئەمبارەکان ماویانە و دەڵێت” تەنها بۆ 20 ڕۆژی دیکە غازمان لەبەردەست دەبێت”.
کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز لە سلێمانی، لەبارەی دروستبوونی قەیرانی غاز لە سنووری پارێزگاکە، ڕوونکردنەوەی دا و ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕی غازی پاشەکەوتکراویان ڕوو لە کەمی دەکات و ئەگەر دابەشنەکردنی غاز بەردەوام بێت، لە ماوەیەکی نزیکدا غازیان لەبەردەست نامێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕەی لە کارگەکان پاشەکەوت کراوە بەکاری دەهێنین و بۆ هاووڵاتیان دابینی دەکەین، بەڵام ئەگەر تاوەکو ١5 ڕۆژ یان زیاتر ئەم دابەشنەکردنە بەردەوام بێت، ئەوا غازمان لەبەردەست نامێنێت بۆ دابەشکردن.
نوێنەرەکەی کارگەکان هۆکاری کەمبوونەوەی غازی گەڕاندەوە بۆ ئەو هێرشە تیرۆرییستییەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر وو وەستاندنی هەناردە و بەرهەمهێنانی غاز، لەلایەکی تریشەوە چەند هۆکارێکی تری خستەڕوو لەوانە: یەک سەرچاوەیی و زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان، بەتایبەتی لە وەرزی سەرما،
لەبارەی غازی نێو بەنزینخانەکانیشەوە، کۆچەر تاهیر وتی، غازی ناو بەنزینخانەکانیش ڕوو لە کەمی دەکەن چونکە تەنها یەک سەرچاوەی غازمان هەیە، و بڕی خواستی ئێستا بۆ پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە بریتییە لە 350 تەن غاز، لە کاتێکدا پێشتر ڕۆژانە 234 تەن غازمان بەدەست دەگەیشت و لەگەڵ ئەو بڕەی لە هاویندا پاشەکەوت کرابوو، پێداویستییەکانی پڕ دەکردەوە.
کۆچەر تاهیر، دڵنیایی دایە هاووڵاتیان لەبارەی نرخی غازی ماڵان و وتی، غاز بە هیچ شێوەیەک گران نابێت. لە هەر شوێنێکیش بینرا کە نرخی غاز گران کراوە، لیژنەکانی قائیمقامیەت ئاگادار بکەنەوە و هەر کەسێک نرخ گران بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، کە ئەگەر تەنها قەزای ناوەندی سلێمانیش لەبەرچاو بگیرێت، دەتوانن تا ٢٠ ڕۆژ غازی بۆ دابینبکەن، بەڵام بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگاکە، تەنها بۆ نزیکەی ١٠ ڕۆژ بەردەست دەبێت.
