لە ناوچەیەکی سەر بە هەولێر خۆپیشاندانە و شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان ڕوویدا و بەهۆیەوە كەسێك كوژراوە و و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە لەنێوان خەڵکی ناڕازی و هێزە ئەمنییەکان لە گوندی لاجان لە شارەدێی گوێری سەر بە پارێزگای هەولێر، شەڕ و گرژیی دروست بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گرژییەکەدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.هەروەها کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کوژراوە خەڵکی تورکیایە و شۆفێری تانکەر بووە.
گردبوونەوەکە لەپاش ئەوە دێت، ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە دانیشتووانی گوندەکانی دەورووبەری پاڵاوگەکانی هەولێر دژی پاڵاوگەکان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داواکارییان داخستنی پاڵاوگەکان بووە یان ئەوەتا ئەو کەسانەی لە پاڵاوگەکاندا کاردەکەن، لە دانیشتووانی ئەو گوندانە خۆیان بن.
