spot_imgspot_img

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق: زیانەکانی داخستنی کێڵگەی کۆرمۆر ڕۆژانە زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلارە

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەنیا لە بەرهەمهێنانی غازدا ڕۆژانە زیانی زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار هەبووە.

ئەمڕۆ شەممە، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، “زیانەکانی داخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕۆژانە دەگاتە زیاتر لە 7.41 ملیۆن دۆلار”.

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە: “ئەو کێڵگەیە پێش هێرشەکە ڕۆژانە 530 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەمدەهێنا، کە نرخی یەک ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی نزیکەی 10 هەزار دۆلارە”.

باسی لەوەشکردووە، “غازی سروشتی شل (LNG) کە بەزۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، هاوردەکردن و گواستنەوەی بۆ عێراق یان هەرێم زۆر گرانە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “کێڵگەکە ڕۆژانە 1580 تۆن LPG (کە بە غازی ماڵان ناسراوە) بەرهەمدەهێنێت”، ئاماژەی بەوەشکرد “نرخی هەر تۆنێک 500 دۆلارە”.

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاشیگەیاند، “کێڵگەی کۆرمۆر، ڕۆژانە نزیکەی 22 هەزار بەرمیل غازی کۆندێنسێت بەرهەم دەهێنێت، کە نرخی هەر بەرمیلێک 60 دۆلارە”.

باسی لەوەشکرد، “خەملاندنی زیانەکان، زیانەکانی کرێی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و تێچووی هێڵەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا ناگرێتەوە.”

کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی ڕابردوو، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر کۆگای غازی شلی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەتەواوی وێرانی کرد، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو هەزار مێگاوات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە