مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، زۆر دڵخۆشن بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی، هەروەک سوپاسی ئەردۆغان و ئۆجالانی کرد کە دەرگای ئاشتیان کردەوە و هەنگاوی ئەرێنیان هاویشت.
ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە وتارێکدا، لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی “مەلای جزیری” لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان ڕایگەیاند، “زۆر دڵخۆشین بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی کە ئەم جارە زۆر بە ڕێکوپێکی دەستیپێکرد، چونکە گەل، پەرلەمان و هەموو حزبە سیاسییەکان پشتیوانیی دەوڵەتن”.
وتیشی: “لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و گەل و پەرلەمانی تورکیا بکەم کە دەرگای ئاشتییان کردەوە و پێمانوایە باشترین دەرگا و باشترین بژاردەیە. هەروەها دەستخۆشی لە ئۆجالانیش دەکەم کە هەنگاوی ئەرێنی هاوێشت”.
باسی لەوەشکرد: لێرەش دووپاتی دەکەینەوە، بە هەموو هێزێکمانەوە، پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتین و هەرچی لە دەستمان بێت دەیکەین و ئەنجامی ئەرێنی هەبێت.
