بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق لەگەڵ تەیف سامی قسەی كردووە و دەڵێت: وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی واژۆ كردووە و ئیعازی ناردنی پارەی داوە. دارایی هەرێمیش دەڵێت: یەك شەممە پارە بگات بە سێ ڕۆژە مووچە دابەش دەكەن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، دوای دەوامی ڕۆژی پێنج شەممە بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە، لەبەرئەوەی سیستەمی بانکی ناوەندیی عێراق داخراوە، وەرگرتنی پارە دەکەوێتە ڕۆژی یەک شەممە، ئەوکات پارەکە لە لقی کوردستانی بانقی ناوەندی وەردەگرین.
وتوشیەتی، “دواتر خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکەینەوە، خشتەکەش هاوشێوەی مانگی ڕابردووە و بە سێ ڕۆژ هەم بە کاش، هەم بە دیجیتاڵی لەڕێگەی هەژماری من دابەش دەکرێت”.
لای خۆشیەوە، تیمی هەژماری من ئاشكرای كردووە، ئەگەر یەک شەممە زوو پارە بگات، ئەوا هەر یەک شەممە پارە بەسەر بانکەکان دابەش دەکرێت و لەوێشەوە دەخرێتە سەر حیسابی مووچەخۆران، بۆ ئێوارە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین.
