spot_imgspot_img

قەبانجی: کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێت مەترسی ئەو درۆنانە چارەسەر بكرێن

 

پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینی لە نەجەف، سەدرەدین قەبانجی، جەختی لەسەر پێویستی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەدواداچوون بۆ بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی کردەوە و وتی: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق.

لە میانی وتاری هەینی ئەمڕۆ، سەدرەدین قەبانجی دەربارەی بۆردومانکردنی کێڵگە غازییەکانی سلێمانی ڕِایگەیاند، “بۆردومانکردنی کێڵگە غازییەکانی سلێمانی و پچڕانی تەواوەتی کارەبا بابەتێکە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی چارەسەری بکات، بەو پێیەی کوردستان بەشێکە لە عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەم بارەیەوە بێدەنگ بین، ئەم فرۆکە بێفڕۆکەوانانە دەچنە پارێزگاکانی دیکە.

جەختیشیکردەوە، “بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین هەنگاو بنێت بۆ ئاشکراکردنی ئەو بەرپرسانە و ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر”.

قەبانجی دامەزراندنی “ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی” سوونەكانی بە “هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی دروستدا” زانی، بەو پێیەی سوننەکان ئەنجوومەنێکی سیاسی نیشتمانی هاوشێوەی چوارچێوەی هەماهەنگییان پێکهێناوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پێمان وایە ئەمە هەنگاوێکە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی سوننە، بەو پێیەی ئەم ئەنجومەنە کار بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان و بەشداری سیاسی لە بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوودا دەکات.

لەبارەی کاروباری دەرەوەشەوە ئاماژەی بەوەدا، کە عەلەوییەکان لە سوریا تووشی “گۆشەگیری و چەوساندنەوەی تائیفی” دەبن، بانگەوازی ئاراستەی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کرد کە لە ٥٧ وڵاتی زۆرینەی موسڵمان پێکدێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.

داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی هەبێت “بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەم ستەمە تائیفییە. عێراق توانای ئەوەی هەیە ئەو کارە بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هاوکاری پێشکەش بە ڕژێمی ئێستای سوریا دەکات”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە