لیژنەی لێكۆڵینەوە ناوی ئەو لایەنانە فەرمانیان كردووە بە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) ئاشكرا دەكات.
ئاژانسی فەرمی (العراقیە) لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە بڵاویكردەوە، ئەو لیژنەی ئەمنییەی كە دوێنێ بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) بە فەرمانی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێكهێنرا، ئەمڕۆ گەیشتە كێڵگەكە و دەستبەكاربوو.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەكە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ سەرۆكایەتی دەكات و ئەندامەكانی بریتین لە هەریەكە لە (سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق)و (وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان)، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كارەكەیان دەكەن و لیژنەیەكی هونەریش هەیە كە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان سەرۆكایەتیی دەكات بەمەبەستی پێشكەشكردنی روانگەی هەواڵگریی و هونەری.
وتوشیەتی، “لیژنەكە سێ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ گەیشت بە ئەنجامی رووداوەكە و ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی، كە تێوەگلاون لە هێرشەكە لەگەڵ ئەوانەی فەرمانیان كردووە بە ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەكە”.
جەختیشی كردۆتەوە، لیژنەكە زیانە تەكنیكییەكان و دووبارە بەكارخستنەوەی كێڵگەكە و دەركردنی رێنمایی بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی تر ڕادەگەیەنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ لیژنە باڵا ئەمنییە هاوبەشەكی عێراق و هەرێم گەیشتە كۆرمۆر و وەزیری ناوخۆی عێراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات وتی، “راپۆرتێك لەبارەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر دەدرێت بە سودانی”.
هاوكات، سەباح نوعمان، وتەبێژی سودانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە بە ئامانج گرتنی كێڵگەی كۆرمۆر لەماوەی 72 كاتژمێردا دەردەكەوێت.
