spot_imgspot_img

بەرپرسێكی هەرێم: تاران ڕێگە نادات غازی کوردستان ببێتە جێگرەوەی

 

بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەینێت، هێرشەكەی سەر كۆرمۆر پەیامێكی روونی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێرانە و دەشڵێت: تاران ڕێگە نادات غازی کوردستان ببێتە جێگرەوەی ئەو غازە ئێرانییەی عێراق هاوردەی دەکات.

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی رایگەیاندووە، هێرشەكەی كۆرمۆر وەک پەیامێکی روونی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تاران لێکدەدرێتەوە، ئێرانییەکان رێگە نادەن غازی کوردستان ببێتە جێگرەوەی ئەو غازە ئێرانییەی کە عێراق هاوردەی دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە فشارێكی گەورەی لەسەر ئابووری ئێران دروستكردووە.

ڕاشیگەیاندووە، هەر هەوڵێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی هەرێم یان بەستنەوەی بە تۆڕی نیشتمانیی عێراق، روبەڕوی وەڵامدانەوەی ئەمنی دەبێتەوە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە بازاڕی وزەی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكردووە: هێرشەکە تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ توانای بەغدا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشووی سەبارەت بە پاراستنی ژێرخانی وزە و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکانی غازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کاتیۆشا رووبەڕوی هێرش بووەوە.

ئەو بەرپرسە جەختیشی كردۆتەوە، ئامانجی هێرشەکە لایەنی سەربازی تێدەپەڕێنێت؛ هەوڵێکە بۆ پەکخستنی پڕۆژەی هەرێم، کە تەنها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر راگەیەندرا، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ شارەکانی، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی ئەزمونی پڕۆژەکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر رایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر کۆرمۆر “لەلایەن هەر کەسێکەوە ئەنجام درابێت، جێگەی قبووڵ نییە و سەرکۆنە دەکرێت”.
فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند، ئەو هێرشە لە روانگەی ئێرانەوە “لە راستیدا هێرشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و خۆشگوزەرانیی خەڵکە ئازیزەکەی”.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە