spot_imgspot_img

شاندی ئەمنی عێراق و هەرێم لە كۆرمۆر دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد

شاندی ئەمنیی حكومەتی عێراق و هەرێ گەیشتە كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ و وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق “سودانی” دەڵێت: ئەنجامی لیژنەكە 72 كاتژمێری دەوێت.

شاندەكەی عێراق تیمێکی شارەزای لێکۆڵینەوەی سەربازیی لەگەڵ خۆی هێناوە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم دەستی بە كۆبوونەوە كرد.

دوێنێ لەبارەی هێرشەكەی سەر (كۆرمۆر)، كە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی غازی ماڵان و غازی وێستگەكانی كارەبایە لە هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی كرد بە ئامادەبوونی هەریەكە لە وەزیرانی (ناوخۆ- بەرگریی- سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان).

لەم كۆبوونەوەیەدا، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانیدا بە:
1- دروستكردنی لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتیی هەریەكە لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی.

2- دروستكردنی لیژنەیەكی هونەریی، كە لایەنە تایبەتمەندەكان لە خۆبگرێت لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە هێرشە “ترسنۆكانە”كەی كێڵگەی كۆرمۆر و ئاشكراكردنی تێوەگلاوان لەو هێرشە و ئەوانەی پشتیوانییان كردووە، هەروەها لێپێچینەوە لێیان بەگوێرەی یاسا.

لای خۆشیەوە، سەباح نوعمان، وتەبێژی سودانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەستدەكات بە لێكۆڵینەوەی مەیدانی بۆ زانینی وردەكارییەكانی ڕووداوەكە.

وتوشیەتی، “ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە بە ئامانج گرتنی كێڵگەی كۆرمۆر لەماوەی 72 كاتژمێردا دەردەكەوێت.

درەنگانی شەوی ٢٦ـی ئەم مانگە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان کوژایەوە، تائێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕِۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدراوە، کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێدا هەیە، ئەم گرووپانە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان واشنتۆن و هەرێم وەک “خاڵێکی لاواز” ی خۆیان سەیر دەکەن.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، گرژییە سیاسییەکانی نێوان عێراق و هەرێم بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و غاز، ڕەنگە هۆکارێکی پاڵنەر بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشەوە.

ڕۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێت: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە ڕەتکرایەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە