وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی چوارەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران .
د. سامان بەزنجی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٥/١١/٢٨ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە و لەسەر فەرمانی (مەسرور بارزانی) کاروانی چوارەم کە بریتیە لە 52 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەکانیان بۆ نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک دوای پشکنین و ئامادەکارییەکانی پزیشکی و ڕێکارەکانی زانستی، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
ڕاشیگەیاندووە، بە ئەستۆگرتنی تەواوی خەرجیەکانی چوون و هاتنەوە و مانەوە و پشکنینەکان و نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان لەسەر بوودجەی پێویستی دابینکراو بۆ ناردنی 140 تووشبووانی تالاسیمیا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک دوای چوونە بواری جێبەجێکردن و ناردنیان بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەنی متمانەی نێودەوڵەتی JCI بە بوودجەی نزیکەی 11 ملیار دینار بۆ نەخۆشانی خاوەن بەخشەر و نەخۆشانی نەبوونی بەخشەر.
وەزیری تەندروستی، هیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەیان بەسەلامەتی بۆ خواستن.
ئاشكراشی كرد، لەئێستادا 172 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکانن و لە ڕۆژانی داهاتووش کاروانی پێنجەم لە تووشبووان و هاوەڵەکانیان بەڕێ دەکرێن بۆ هەمان مەبەست.

