ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ڕاپۆرتێك سەبارەت بە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێیەوە هەیە، کێڵگەی غازی کۆرمۆریان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.
ڕِۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدراوە، کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێدا هەیە، ئەم گرووپانە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان واشنتۆن و هەرێم وەک “خاڵێکی لاواز” ی خۆیان سەیر دەکەن.
ڕەمزی موریدینی، دامەزرێنەری سەنتەری جیۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوەی مەترسی جیۆپۆلەتیک بۆ ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکە تەنها چەند ڕۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕوونە کە ئێرانییەکان چاودێری ئەم پێشهاتەیان دەکرد و هەوڵیان دەدا پەیامێک بۆ واشنتۆن بنێرن، کە پێگەیان لە چوارچێوەی عێراق ڕێگەیان پێدەدات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکەنە ئامانج.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، گرژییە سیاسییەکانی نێوان عێراق و هەرێم بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و غاز، ڕەنگە هۆکارێکی پاڵنەر بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشەوە.
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێت: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە ڕەتکرایەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە ناوخۆی عێراقدا کاردەکەن، سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان تا ڕادەیەک سەربەخۆیی داراییان هەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێوە هەیە و سەرکەوتوو بوون لە سەلماندنی بوونی خۆیان.
جەختیشی كردۆتوە: ئەمریکا تادێت فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چەکداماڵینی ئەو گرووپانە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە بە لەبەرچاوگرتنی کورسی پەرلەمانی و پێگەی دامەزراوەیییان لەناو سیستمی سیاسی عێراقدا، لەڕادەبەدەر قورسە.
درەنگانی شەوی ٢٦ـی ئەم مانگە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان کوژایەوە، تائێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە.
لیژنەكە پێكهانوون لە وەزیری ناوخۆی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێم و سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری عێراق و بڕیارە ئمڕۆ سەردانی شوێنی ڕووداوەكە بكەن.
