لە نوێترین وەشانی نەخشەکانیدا، گووگڵ ماپس (Google Maps) هەنگاوێکی نوێی ناوە و ناوچە “جێناکۆکەکان” وەک بەشێک لە نەخشەی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە بە بەراورد لەگەڵ وەشانی پێشووی.
کاتێک لەسەر گووگڵ ماپس ناوی هەرێمی کوردستان دەنووسرێت، هەموو ئەو ناوچانەی کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ناکۆکییان لەسەرە، دەکەونە نێو سنووری هەرێمی کوردستانەوە، لەوانە:
کەرکووک
خانەقین
پردێ
کفری
دووز خورماتوو
مەخموور
شنگال
گوێڕ
بەعشیقە
بەحزان
خانکی و بەشێکی تلکێف.
ئەم نوێکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا، گووگڵ بۆ یەکەم جار سنووری هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشە دیاری کرد، بەڵام ئەو کات هەموو ناوچە جێناکۆکەکان لە دەرەوەی سنووری هەرێم بوون.
جێبەجێنەکردنی مادەی 140 چەندین کێشە و ناکۆکیی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی لێکەوتووەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای لە بەغدا کردووە مادەکە جێبەجێ بکات و حکومەتی بەغداش تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی دەستوور.
