spot_imgspot_img

قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی ئیمارات هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە توندی ئیدانە دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازیی لە ئەحمەد حەسەن ئەلشەحی، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کرد. هەردوولا لە کۆبوونەوەکەیاندا بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد و پرسی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.

جێگری سەرۆکی وەزیران هێرشەکەی سەر کۆرمۆری بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد کە ژێرخانی وزە و ئابووریی کوردستان و عێراقی کردووەتە ئامانج. قوباد تاڵەبانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە”بەبێ هیچ جۆرە خەمساردییەک و بە زووترین کات، بکەران و ئەوانەشی لە پشتی ئەو هێرشەوەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.”

هەروەها تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت یەکەم هەنگاوی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆتاییهێنان بێت بەو گرووپ و هێزە چەکدارانەی دەرەوەی دەوڵەت کە ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان خستووەتە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئیمارات گرنگی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەدات.

جێگری سەرۆکی وەزیران ڕاشیگەیاند، کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ گەشەسەندن لە کەرتە جیاوازەکاندا، و حکومەتی هەرێم هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیمارات دەکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە