دۆزینەوەیەکی نوێ بۆ سوودەکانی قاوە… کلیلێکی نهێنی بۆ گەنجبوونەوە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) بڵاو کرایەوە، ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی مامناوەند قاوە دەخۆنەوە، لەوانەیە نزیکەی پێنج ساڵ گەنجتر بن لە ڕووی تەمەنی بایۆلۆجییەوە بە بەراورد بەوانەی هەرگیز قاوە ناخۆنەوە.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە لە گۆڤاری BMJ Mental Health بڵاو کراوەتەوە، خواردنەوەی مامناوەندی قاوە (بە لایەنی زۆرەوە چوار کوپ لە ڕۆژێکدا) پەیوەستە بە خاوکردنەوەی پڕۆسەی پیربوونی بایۆلۆجی، ئەمەش لە ڕێگەی درێژکردنەوەی “تێلۆمیرەکان”ەوە کە ئەو پێچەوانە پارێزەرانەن لە کۆتایی کرۆمۆسۆمەکاندا و ماددەی بۆماوەیی دەپارێزن.
توێژەران ڕوونیان کردەوە، کە “کورتیی تێلۆمیرەکان پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە تەمەنەوە، لە کاتێکدا درێژیی ئاساییان تەندروستیی خانەکان دەپارێزێت.”
بەڵام توێژینەوەکە هۆشداری دا لەوەی کە تێپەڕاندنی ئەو بڕە زۆرەی پێشنیار کراوە، کە چوار کوپ لە ڕۆژێکدا یان ٤٠٠ ملیگرام کافاینە، وا دەکات قاوە سوودەکانی لەدەست بدات و تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی زیانی خانەیی.
توێژینەوەکە جەختی لەسەر کاریگەریی قاوە کردەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە کێشەی دەروونیی توندیان هەیە، چونکە کورتبوونەوەی تێلۆمیرەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو خێراترە. نموونەی توێژینەوەکە ٤٣٦ کەسایەتی گەورەی لەخۆگرتبوو، کە ٢٥٩ کەسیان شیزۆفرینیا (فەسامی) و ١٧٧ کەسیان کێشەی تێکچوونی میزاجیان هەبوو.
ئەنجامەکان دەریانخست، کە بەشداربووانەی کە ٣-٤ کوپ قاوەیان لە ڕۆژێکدا دەخواردەوە، درێژترین تێلۆمیرەکانیان هەبووە، کە ئەمەش هاوتای جیاوازیی پێنج ساڵ بوو لە تەمەنی بایۆلۆجیدا، تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک تەمەن، ڕەگەز و جگەرەکێشان.
توێژەران پێیان وایە، کە ئەم سوودانە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پێکهاتەی بەهێزی دژە ئۆکسید و دژە هەوکردن لە قاوەدا، کە یارمەتی پاراستنی تێلۆمیرە هەستیارەکان بە فشارە ئۆکسیدەکان دەدەن.
لە لایەنی خۆیەوە، دکتۆرە ئێلیزابێس ئەکەم لە زانکۆی لافبرا، کە بەشداری لە توێژینەوەکەدا نەکردبوو، ڕایگەیاند، کە توێژینەوەکە جیاوازیی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی قاوەدا نەکردووە، ئاماژەی بە پێویستیی توێژینەوەی زیاتر کرد بۆ زانینی میکانیزمە وردەکانی پشتی ئەم کاریگەرییانە.
