شارەوانی سلێمانی بەردی بناخەی سێ پڕۆژەی گەورەی ڕێگاوبان لە سلێمانی دادەنێت و دەڵێت” شەقامی سەدمەتری بە سەنتەری شار دەبەستێتەوە”.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠٢٥/١١/٢٧)، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی سەردانی سێ پێگەی شەقامەکانی (٢، ٤، ٦)ی لە سلێمانی کرد و ڕایگەیاند، کە سێ پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریی گشتی دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.
ئەم پڕۆژانە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی شارەوانی دادەنرێن کە ئامانجیان پەیوەستکردنی شەقامی سەدمەتری بە سەنتەری شارەوەیە، بەو پێیەی تەنیا ڕەزامەندیی سیانیان گەڕاوەتەوە لە کۆی هەشت شەقام.
وردەکاریی پڕۆژەکان
تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی (٥٠ ملیار و ١٥٢ ملیۆن و ٢٢٧ هەزار و ٨٠٢) دینارە، و ماوەی دیاریکراو بۆ پڕۆژەکە ٦٥٠ ڕۆژی ڕۆژمێرییە، و پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای قەیوان جێبەجێ دەکرێت، بە سەرپەرشتی تیمی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و فەرمانگەی شەقامی ١٠٠م.
سەرۆکی شارەوانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم شەقامانە گرنگییەکی زۆری بۆ سلێمانی هەیە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لۆد و قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکانی (سلێمانی – تاسڵوجە و مەلیک مەحمود)، و کارئاسانیی زۆر دەکات بۆ دانیشتوانی شار لەڕووی هاتوچۆ بەرەو دەرەوەی شار.
ناونیشانی شەقامەکان
ڕێگای ٢ (Road 2): لە شەقامی سلێمانی-تاسڵوجەوە دەستپێدەکات (لە نێوان تێرمیناڵی نوێ و فڕۆکەخانەی سلێمانی) تا دەگاتە سەر شەقامی ١٠٠م. درێژییەکەی ٣,٨٠٠م و پانییەکەی ٣٠م (بەشێکی لای تێرمیناڵ ٤٠م).
ڕێگای ٤ (Road 4): لە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆوە دەستپێدەکات تا شەقامی ١٠٠م. درێژییەکەی ٤,٥٠٠م و پانییەکەی ٣٠م.
ڕێگای ٦ (Road 6): لە خوار سائیب سیتی دەستپێدەکات تا شەقامی ١٠٠م. درێژییەکەی ٤,٠٠٠م و پانییەکەی ٤٠م.
لەم سەردانەدا، سەرۆکی شارەوانی بەدواداچوونی بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان و خێراکردنی ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕ و خۆماڵیکردنی موڵکە پوختەکانی هاووڵاتییان کرد، بۆ ئەوەی کارەکان بە زووترین کات تەواو بکرێن.





