سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، ئێستا وڵات لە سەروبەندی دەستپێکردنی دانوستانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ
سەفین دزەیی باس لەوەشكرد كە كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق، دەبێت بە دروستی دەستوور جێبەجێ بكات و وتی: “ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەبینین لە ماوەی ١٢ بۆ ١٣ ساڵی ڕابردوو، حكوومەتی عێراق ناهەقییەكی گەورەی بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بە تایبەت لە پرسی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، هەروەها زۆر كەموكوڕیی دیکە لە عێراق هەیە كە دەبێت چارەسەر بكرێت”.
هاوکات سەفین دزەیی باسى هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان كرد و وتی: “بەداخەوە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەری و هێشتا حكومەت پێكنەهاتووە، هۆكاریش زۆرن، بەڵام دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە دوو هێزی سەرەكی و براوی هەڵبژاردنن، بەردەوام لە دانوستاندابن و كابینەی نوێ پێكبهێنن”.
سەفین دزەیی وتیشی: “دەمانویست پێش ساڵێک كابینەی نوێ پێكبهێندرێت، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داواكاری زۆرە، داوای پۆستی زۆر دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵ ناكات و دەڵێت دەبێت پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پۆستەكان بە پێی شایستەبوونی هەڵبژاردن بێت، بەڵام هەر دەبێت پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و پێكەوە دانیشن”.
