جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە تیرۆریستی وەسف دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هەموو عێراقە.
وتیشی: “چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە”.
ڕاشیگەیاند، ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە”.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، جەخت دەکەینەوە بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی گروپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.
