“کۆنتڕۆڵی تەواو” لەلایەن سەربازانەوە لە گینیا بیساو راگەیەندرا و ئاشکراشیانکرد کە سەرۆک کۆمار دەستگیر کراوە.
کۆمەڵێک لە سەربازییان لە وڵاتی گینیا بیساو کودەتایانن بەسەر وڵاتدا ڕاگەیاند و هەواڵی دەستگیرکردنی عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ، سەرۆک کۆماری ماوە بەسەرچوویان، لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی لە پایتەختی وڵاتەکە، بیساو ئاشکراکرد.
پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ ئەمە دوای بیستنی دەنگی تەقە لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، کاتێک پیاوانێک جلوبەرگی سەربازییان پۆشیبوو، کۆنتڕۆڵی ڕێگای سەرەکیی بەرەو کۆشکەکەیان کرد، دواتر هەواڵی ئەنجامدانی کودەتای سەربازییان راگەیاند لەم وڵاتە هەڵکەوتووە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، کە لەوەتەی سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، چەندین ئاژاوەی سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە چوار کودەتا و چەندین هەوڵی کودەتا.
سەرۆک کۆمار عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ بە گۆڤاری جۆن ئەفریقی ڕاگەیاند، کە ڕۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم، نزیکەی نیوەڕۆ، لەناو نووسینگەکەی لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەستگیر کراوە. هەروەها، لە هەمان کاتدا هەریەک لە سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان جەنەڕاڵ بیاگی نا نتام، جێگری سەرۆکی ئەرکان جەنەڕاڵ مامادۆ توورێ، و بووچی کاندی، وەزیری ناوخۆ، دەستگیر کران.
ئیمبالۆ ڕایگەیاند، کە لە کاتی ئەم “کودەتا”یەدا، کە وتی سەرۆکی ئەرکانی سوپا پلانی بۆ داڕشتبوو، هیچ توندوتیژییەکی بەرامبەر ئەنجام نەدراوە. بەڵام بەپێی چەندین سەرچاوە، نزیکەی نیوەڕۆ لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی و نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەنگی تەقە بیستراوە، هەروەها پیاوانی جلوبەرگی سەربازی پۆشیوو بەدرێژایی ڕێگای سەرەکیی بەرەو کۆشکەکە بڵاو بوونەتەوە.
پێشتر هەریەک لە عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ، سەرۆکی ماوە بەسەرچوو، و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن فێرناندۆ دیاس، بە جیا سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو، ئەمەش ئەگەری چوونی وڵات بۆ قەیرانێکی سیاسیی نوێ بەهێز دەکات.
