spot_imgspot_img

لە کوردستان مۆبایل و تابلێتی زیرەک دروستدەکرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی پرۆژەیەکی تایبەت بە دروستکردنی مۆبایل و تابلێتی زیرەک دانا و رایگەیاند”کار بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پیشەسازی دەکەین و ئاستی پیشەسازیی گەیشتووەتە دروستکردنی مۆبایلی زیرەک”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2 – Golden Technology 2)ـی دانا و جەختی کردەوە، کە کارکردن بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و پشت بەستن بە کەرتی پیشەسازیی خۆماڵی درێژەی دەبێت.

سەرۆکی حکومەت لە سەرەتادا بەشەکانی کارگەکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی بەدواداچوون بۆ کرا. دواتر لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، مەسرور بارزانی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، کە ئەم کارگەیە و پڕۆژە هاوشێوەکانی، بەشێکن لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی کارگەکە دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە 100 کەس ڕەخساندووە و دوای فراوانکردنیشی، هەلی کار بۆ 400 کەس دابین دەکات.

 سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، “من دڵخۆش بووم بەوەی کە بینیم ئاستی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی کە ئێمە بتوانین لێرە مۆبایلی زیرەک و تابلێتی زیرەک دروست بکەین، ئەمە هەنگاوی یەکەمە.”

جەختی لەسەر ڕۆڵی گەنجانی ناوخۆ کردەوە و وتی “ئەوەی زیاتر دڵخۆشی کردم، توانای گەنجەکانی خۆمان بووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەسەر ئەم کارگەیە کار دەکەن، گەنجانی ناو خودی هەرێمی کوردستانن.”

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئەم پەرەسەندنە ئومێدێکی زۆر دەبەخشێت بەوەی کە ئاییندەی کوردستان ئاییندەیەکی ڕووناکترە و هەروەها باری قورس لەسەر حکومەت هەڵدەگرێت، بەوەی کە خەڵک تەنیا چاویان لە کەرتی گشتی و دامەزراندن نەبێت، چونکە “کەرتی تایبەت خەریکە جێی خۆی دەکاتەوە و دەبێتە شوێنی ئومێد.”

لەبارەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکاش لە هەولێر، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە لەسەر هێز و ئەو پەیوەندییە باشەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەیە. داوای بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان دەکەین بۆ یارمەتیدانی یەکتر لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە