spot_imgspot_img

دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی زانیاری لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشکرادەکات و دەڵێت”نزیکەی 480 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بڕیاری وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە”.

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە،تا ئێستا ناوی نزیکەی 480 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی، ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ گەڕاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کە “ئێستا هیچ لیستێک لە ئەنجوومەنی وەزیران نەماوە، بەڵام لە وەزارەت نزیکەی دوو هەزار ناوی خانەنشین و فەرمانبەر ماوە کە هی هەموو وەزارەتەکانە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو لیستەش بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین.”

سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردن، بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی وتی، لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر و سەرۆکایەتی و پارێزگای سلێمانیش نزیکەی 100 هەزار پارچە زەوی دابەش کراون، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر زەوی دابەش دەکرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو لیستەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە دەکرێت، لەوانەیە کۆتا لیست بێت. دواتر دابەشکردنی زەوییەکان دەکەوێتە سەر ئەرکی شارەوانییەکان، چونکە دوای گەڕانەوەی ناوی فەرمانبەران، وەزارەت لیستی ناوان دەنێرێت بۆ سنووری خۆیان تا شارەوانی کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دابەشکردنی زەوییەکە بکات.

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی، ژمارەیەکی زۆر لەو نزیکەی 480,000 فەرمانبەر و خانەنشینەی بڕیاریان بۆ دەرچووە، دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێرن، و لەو پارێزگایە زۆرترین پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشکراوە.

هاوکات لە سنووری پارێزگای سلێمانی پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچیت و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی هۆکارەکەی بۆ خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران (زیاتر لە 550 فەرمانبەر لەم ساڵدا) و دانەمەزراندنی کەسی نوێ، کەمی ستافی تایبەت بە پڕۆسەی جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەکە گەڕاندەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە