وەزارەتی کار ڕێکاری هەڵەی پێشووی ڕاست کردەوە و کرێکارانی کەرتی تایبەت بە تەمەنی سەرووی 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە بەهۆیەوە ڕێکارێکی پێشووی خۆی لەبارەی خانەنشینکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەتەوە ڕاست کردەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی سەرجەم کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەتە.
بەپێی یاسای ژمارە (39)ی ساڵی (1971)ی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە مادەی (65)دا هاتووە: کرێکاری پیاو ئەگەر تەمەنی (60 ساڵ) تێپەڕێنێت، و کرێکاری ژن تەمەنی (55 ساڵ) تێپەڕێنێت، و بەلایەنی کەمەوە 20 ساڵ خزمەتی هەبێت کە بە تەواوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ضمان)ی بۆ کرابێت، ئەوا شایستەی خانەنشین بوونە.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لێکدانەوەیەکی هەڵەیان بۆ ئەم ماددەیە دەکرد و دەیانوت” کرێکاری پیاو دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەواوکردنی 20 ساڵ خزمەت، تەمەنی 60 ساڵ بێت، ئەگەر تەمەنی ببوایە بە 61 ساڵ یان زیاتر، داواکارییەکەیان بە پێچەوانەی یاسا دادەنا و ڕەتیان دەکردەوە ژنیش بە هەمان شێوەی 55 ساڵ”.
دوای ئەوەی چەندین هەوڵدرا و چەند داوایەکی یاسایی لە دادگای کار لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کرا، خۆشبەختانە وەزارەت لە ڕێکەوتی 6ی 11ی 2025 بە بڕیارێکی فەرمی، ئەم هەڵەیەی ڕابردووی ڕاست کردەوە.
بڕیارە دروستەکە ئەوەیە کە لەمەودوا:
کرێکاری پیاو: هەر کرێکارێکی پیاو تەمەنی 60 ساڵ یان زیاتر بێت.
کرێکاری ژن: هەر کرێکارێکی ژن تەمەنی 55 ساڵ یان زیاتر بێت.
مەرج: هەردووکیان بۆ ماوەی (20) ساڵ بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کرابێت.
ئەوانە شایستەی خانەنشین بوونە و دەتوانن ڕاستەوخۆ دەست بە مامەڵەکانیان بکەن بەبێ پێویستی بە تۆمارکردنی داوای یاسایی.

