کۆشکی سپی پلانی ترەمپ بۆ دەستکردن بە پڕۆسەی پۆلێنکردنی لقەکانی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ئاشکرا دەکات.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا، کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “ئێکس” بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێوشوێنێکی یەکلاکەرەوەی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ئەمریکا لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان، ئەویش بە دەستپێکردنی پڕۆسەی پۆلێنکردنی هەندێک لە قەوارەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی.
بەپێی ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی کردووە و کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزراوە و گەشەی کردووە تا بووەتە تۆڕێکی سنووربەزێن (سەرتاسەری)، و لقی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەشیدا هەیە، بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لقەکانیان لە لوبنان، ئوردن و میسر تێوەگلاون لە توندوتیژی، یان ئاسانکاری و پشتیوانییان کردووە بۆ توندوتیژی و هەڵمەتەکانی تێکدانی سەقامگیری کە زیان بە ناوچەکانیان، هاووڵاتیانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنن.
بەیاننامەکە وەک نموونە ئاماژە بە بەشداریی لقەکانی ئیخوان موسلیمین دەکات لە توندوتیژییەکان، بە تایبەتی دوای هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، و ئاماژەی بەوەکردووە، کە باڵی سەربازیی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە لوبنان پەیوەندییان بە حەماس، حیزبوڵڵا و گرووپە فەلەستینییەکانەوە کرد بۆ ئەنجامدانی چەندین هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکانی ناو ئیسرائیل.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرکردەیەکی دیاری لقی میسریی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین داوای ئەنجامدانی هێرشی توندی کرد دژی هاوبەشەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هاوکات سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمینی ئوردنیش ماوەیەکی زۆرە پشتیوانیی ماددی پێشکەش بە باڵی سەربازیی حەماس دەکەن.
کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە “ئەم چالاکییانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیانی مەدەنیی ئەمریکی لە وڵاتانی شام و بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بریتییە لە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ لەناوبردنی تواناکان و بێبەشکردنی لقەکانی ئیخوان لە سەرچاوەکانیان.
بەپێی بەیااننامەکەی کۆشکی سپی، بڕیارە وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینە، دوای ڕاوێژکردن، ڕاپۆرتێکی هاوبەش پێشکەش بە ترەمپ بکەن سەبارەت بە پۆلێنکردنی هەر کام لە لقە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی، و هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو دەگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم پۆلێنکردنە.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پشتیوانیی ماددی یان سەرچاوە پێشکەشکردن بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی قەدەغەیە، و هەر ئەندامێکیشی شایستەی دەرکردنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
