سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە زانیاری ئاشکراکرد و دەڵێت” هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نییە و داوای ناردنی بە زووترین کات دەکەین”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ڕووداو سەبارەت بە مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران، ڕایگەیاند کە بەڵێن دراوە “بە زووترین کات مووچە بنێرن.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ڕەخنەی لە دواکەوتنی مووچە گرت و جەختی کردەوە، کە”هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نییە و نەدەبوو ئەوەندە دوابکەوێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد، جێی داخە کە ئێستا چاوەڕێی مووچەی مانگی 9 دەکرێت، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی کردووە.
مەسرور بارزانی داوای کرد کە حکومەتی فیدراڵی بەڵێنی خۆی جێبەجێ بکات و مووچەکان بنێرێت، “ئێمە فشاری تەواو لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بۆ ناردنی تەواوی مووچەکانی ئەمساڵ”
هاوکات ڕاشیگەیاند”ئەوەی بیستوومانە ئەوەیە، بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ بەڵێنیان داوە بە زووترین کات مووچەکان بنێرن.”
سەرۆکی حکومەت هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر مووچەکانی ئەمساڵ بفەوتێن و هەمووی نەنێردرێت، “دەبێت گلەیی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکرێت،” چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند:
“هەوڵی زۆرمان دا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، ئەوکات مرونەت و هەلی زیاتر لەپێش بوو، بەڵام لایەنەکانی دیکە وایان پێ خۆشبوو بابەتەکە دوابخرێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.”
