عەبدولواحێد محەمەد – مامۆستا
بەشی زۆرمان ئەو ڕاستییە دەزانین، ناوەندەکانی خوێندن موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، بە تەنهاش یەک توێژ و یەک تایپی تێدانییە، تاوەکو وەکو دەزگایەک لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە بەکاربێت، ئیتر ئەگەر بۆ هەر مەبەستێک بێت، ئەم ڕاستییە نەک لەلای ئێمە و خەڵکی دڵسۆز بۆ پەروەردە، بەڵکو لەلای زۆربەی کۆمەڵانی خەڵک چەسپیوە و قابیلی دەسکاریکردن و مامەڵەکردن پێیەوە نییە.
لەسەر ئاستی جیهانیش بە تایبەت وڵاتە پێشکەوتو و تەنانەت تازە پێڕۆکانیش(الدول النامیە)، دامەزراوە پەروەردەییەکان، لەبەر ئەوەی دامەزراوەی بونیادی و نیشتمانین، پەیوەندیان بە کۆی کۆمەڵانی خەڵکەوە، بە ڕاست و بە چەپ، عیلمانی و ئوسوڵگەرایی، ئیتنی و غەیرە ئیتنی، بە ئێستا و داهاتوەوە هەیە، بۆیە وەکو شوێنی زۆر پیرۆز سەیری دەکەن و هیچ جۆرە دەستتێوەردانیشی تێداناکەن، مەگەر لە پێناوی خزمەتی زیاتر و بەدیهێنانی ئامانجە بنەڕەتییەکان نەبێت، ناهێڵێن کەسیش بە خراپە یان بۆ بەرژەوەندیەکی تایبەت، بە لایەنەوە دابچێت.
بە شێوەیەک لە دیاریکردنی کارکتەرە سەرەکیەکانیش وەکو بەڕێوەبەر و یاریدەر و مامۆستایانیشەوە، تەنها پێوەر کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاوە و هیچیتر، لە پەروەردەکردنەکەشدا کەسی تێدا بە سونبول ناکرێت، هەموو شتێک بۆ خوێندکارە، خوێندکاریش بۆ ئەوەیە ببێتە کارکتەرێکی پسپۆڕ و سوود بداتەوە بە کۆمەڵگە.
بە کوردی و بە کورتی، فکرەی سۆر، زەرد ، سەوز ، مۆر ، هەر ڕەنگێکیتر بە تام و بۆی سیاسیەوە نابێت بخوێنرێت، نە دەبێت بە زۆر تیایاندا بسەپێنرێت، بەرمەبنای ئەو داکەوتە(واقیع)ه، مامۆستا و خوێندکار لە ناو ناوەندەکانی خوێندن، تەنها و تەنها بە یەک ئەرکەوە پەیوەستن، ئەویش پەروەردە و فێرکردن.
هاوکات خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەش، لەوە زیاتر هەرچی بکرێت و بفەرزرێنرێت ، لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکان و ئەرکە هەنوکەیی و داهاتوەکانە و دەچێتە خانەی خراپ بەکارهێنان.
بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ناوەندەکانی خوێندن پارێزراو نین و پێشێلکاری زۆریان بەرامبەر دەکرێت، بە ڕەهاییەوە دەتوانم بڵێم، بەشی زۆری ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەیەک لە شێوەکان کراونەتە ناوەندی سیاسی، هیچ بەڕێوەبەرێک و یاریدەرێک دانانرێن ئەگەر وەلائی سیاسیان بۆ لایەنێک نەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە بە ئاشکرا بانگەشەی سیاسیان بۆ بکەن، لە هەندێ کاتیشدا بە زۆری بیسەپێنن.
لەڕاستیدا ئەوە لە دەرەوەی هەموو یاسا و عورفێکە، خۆشی لە خۆیدا دژی پەروەردە و فێرکردنیشە، ماوەیەکە بۆتە عادەتیش، مامۆستایان و خوێندکاران بە زۆر بۆ بۆنەکان ڕادەکێشرێن کە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندی بە پەروەردە و بە کۆی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو بۆنەی تایبەتن و لە بەرژەوەندی لایەنێکەوەیە.
بەڕای خۆم و دڵنیام ڕای زۆربەی پەروەردەکارە دڵسۆزەکانیشە، ئەو حاڵەتانە زەرەر و زیانی زۆر گەورەی لێکەوتۆتەوە، پێویست بوو ڕێی لێبگیرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە ئازاد بن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بە پێچەوانە بە مەنهەجی بەردەوام دەست تێوەردان تۆختر کراوەتەوە.
ئەوەتا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق کە لە یازدەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، هەموو سنورەکان لەبەرچاوان بەزێنران و بەشێوەیەکی ئاشکرا دەست لەناو ناوەندەکانی خوێندن وەردرا، بۆ مەبەستی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنران.
وەکو گەواهیش بۆ ئەم ڕاستییە ئەو نمونە زەقانە دەخەینەڕوو:
١-بە ئاشکرا کۆبوونەوە بە بەڕێوەبەر و یاریدەر بە مل پێچی ئاڵا و واڵاوە لە کاتی دەوامدا دەکرا، لە هەندێک ناوەندی سیاسی مامۆستایانیش بانگ دەکران.
٢-زۆربەی بەڕێوەبەرەکان بە تەوجیهی سیاسی، بە ئاشکرا پڕۆپاگندەیان بۆ لایەنێک و داوایان لە مامۆستایان دەکرد، دەنگ بە لایەنێک یان کاندیدێکی دیاریکراو بدەن، بێ ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە مامۆستایان هەموویان هەرگیز لە ژێرکاریگەری ئاڕاستەیەکی سیاسی نین و فرە رەئین، لە واقیعدا ئەوە دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش، بەرمەبنای ئەو ڕاستیەی ئەوە بەزاندنی سنووری ئازادی تاکە.
٣-لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن، داوا لە قوتابیان و خوێندکاران دەکرا، دەبێ دەنگ بە لایەنێک بدەن، نەک هەر ئەوە داوای ئەوەشیان لێدەکرا کارتی دەنگدانی دایک و باوکیشیان ببەن بۆیان، لەژێر لێویشەوە هەڕەشەی جۆراجۆر دەکرا، وەک کەمکردنەوەی نمرە و سزادان.
٤-دیارە گوشار و هەوڵیتریش هەبووە، وەک بەڵێن پێدانی پارە بە بڕی جیاواز و داخیلکردنی تاقیکردنەوە گشتیەکان.
بەڕای خۆم ئەوەی لە ڕابردوو دەرهەق بە پڕۆسەی پەروەردە کراوە، بە دیاریکراویش ئەوەی ئەمجاره لە هەڵبژاردنە گشتییەکان کرا، نەک هەر پێشێلکردنی پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندنە، بگرە تاوانێکی ئاشکرا و پێشینیەکی مەترسیداریش بوو، بۆ ئەو پڕۆسە بونیاندیە، ئەکید ئەوە سەردەکێشێ بۆ نەهێشتنی نرخ و بەهای پرۆسەی پەروەردە.
ئیتر دەستوەردان دەبێتە ڕێسا و ئەمری واقیع بۆ هەر مەبەستێک بێت، دەرگاش دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەر لایەنێک وەک ئەوەی بیەوێت بەکاری بهێنێت، سەرەنجام لە بری ناوەندی پەروەردەیی دەبنە ناوەندی سیاسی، بە پێی ئارەزووی لاینێکی دەست ڕۆیشتو بەکاربهێنرێن.
دواجاریش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی هەموو جومگەکان بە سیاسی بکرێن، بێگومان ئەودەم هیچ پرەنسیپەک نامێنێت و ئاشتی کۆمەڵایەتیش لەسەر رێچکەی خۆی نامێنێت و لە گرێژنە دەردەچێت، بۆ ئەو مەبەستە داواکارم لە لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسە پەروەردەییەکان پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن بپارێزن و ڕێگری لە دەست تێوەردان بکەن، چونکە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن موڵکی لایەنێک نییە، بە پێچەوانە موڵکی هەموو کۆمەڵگە و ئێستا و داهاتوە.
