spot_imgspot_img

ڕکابەرییەکە لە نێوان مالیکی و سوودانی و ئەعرەجی چڕبووەتەوە

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی خوولی شەشەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لیژنەیەکی بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێکھێنا و تا ئێستا شەش ناو ڕادەستی لیژنەکە کراون لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، نوری مالیکی و قاسم ئەعرەجی ھەن.

هاوکات چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لیژنەیەکی دیکەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکھاتە و لایەنە سیاسیەکانی کورد و سوننە بۆ یەکلاییکردنەوە پۆستەکانی سەرکۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران پێکھێناوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵ دەدات بە گفتوگۆ و سازان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد، حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان سەرکەوتووبێت.

حیزبی دەعوەی ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی وەک کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو دەستنیشان کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە نوری مالیکی ئەزموون و توانای تەواوی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات ھەیە، بە تایبەتیش لەم قۆناخە ھەستیارەدا بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە و ھاوسەنگیی سیاسییانە.

لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٠ کورسی بەدەستھێناوە.

نوری مالیکی پێشتریش بۆ دوو خوولی لەسەریەک لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.

ھاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، سەرۆکی ھاوپەیمانییەکەی و سەرۆک وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کردووە.

ئەندامی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، قوسەی مەحبووبە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: “ئێمەی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان، لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار دەنگمان بە دەستھێناوە و ٤٦ کورسییمان ھەیە”.

جەختی لەوەش کردەوە، تاکە کاندیدی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران عێراق، محەممەد شیاع سوودانییە.

ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ٤٦ کورسی بەدەستھێناوە.

ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی ھادی عامری، کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند کە ئەوەیش ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێڕاق، (قاسم ئەعرەجی)یە.

ئەندامی ڕێکخراوی بەدر، موعین کازمی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا، ناوی شەش کەس لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشکەشکراون کە خواست و ئامادەییان ھەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کە لە نێویاندا، نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی ھەن.

ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر، محەممەد مەھدی بەیاتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە، کاندیدی ڕێکخراوی بەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجییە.
تا ئێستا ناوی ئەو سێ کەسەی دیکە کە کاندیدکراون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئاشکرا نەکراوە.
یەکێک لە مەرجەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەو کەسەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی پێدەدرێت، نابێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لیستی تایبەت بەخۆی ھەبێت.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە “پشکپشکێنە” ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە بووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە