لە مەیدانی کارو وەزیفەو دامەزراندن دا ، لە دابەشکردنی ئەرکەکان و کۆبونەوەکانی دەرکردنی بڕیارەکاندا هەمیشە ئەو پرسیارە جەوهەریە دێتە پێشەوە: ئایا بڕوانامەی ئەکادیمی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین ئەم کەسە شیاوی کورسی و پلەو پۆستە ؟ یان نەخێر، لەگەڵ بڕوانامەشدا مەرجە دەبێت ئەو کەسە خاوەن تواناو لێوەشاوەیی ڕاستەقینە بێت کە ئەمەش بە شارەزایی و مومارەسەو کارکردن دەسەلمێنرێ.
لەم سەردەمەدا کە گۆڕانکاریەکان زۆر خێران و مەرج و پێوەرەکانی سەرکەوتن و لێوەشاوەیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاترو قورستر دەبن، ئیتر بڕوانامەو خەسڵەتی ئەکادیمی بەتەنها تاکە پێوەر نابن، بەڵکو ( بڕوانامەو لێوەشاوەیی ) هەردووکیان پێکەوە دەبنە پێوەری ڕاستەقینەی شایشتەیی بوون.. ڕاستە بڕوانامە دەرگا دەکاتەوە ، بەڵام بەتەنها بەس نیە بۆ مانەوە لەودیو دەرگاکەوە، کۆمپانیاو بازاڕو شوێنە گشتیەکان ئێستا بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن تواناو دەستکەوت و بەرهەمی هەبێت، نەک تەنها هەڵگری بڕوانامەو نازناوی زانستی گەورە بێ!
ئێمە ڕۆژانە زۆر کەس دەبینین ، زۆر فەرمانبەرو کادیری کارگێریی و تەنانەت حیزبیش دەبینین ئەرک و پۆستێکی کارگێڕیی یان بەرپرسیارێتی حیزبیان وەرگرتووە تەنها لەبەرئەوەی هەڵگری بڕوانامەیەکی ئەکادیمی بوون، بێ ئەوەی خاوەن هیچ جۆرە هۆشیاری و سەلیقەو شارەزایی و لێزانینێکی فیعلی بن لەبوارو مەیدانە کردەییەکەدا، هەربۆیە ئەو کەسانە دوای ماوەیەک خێرا دەردەکەوێت کە پێگەو پۆستەکەیان زۆر گەورەترو سەنگینترە لە تواناکانی خۆیان!
ئەوەی بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە هەندێک شوێن و دەزگاو دامەزراوەی جیاجیا ڕاستەوخۆ ئەوانە دادەمەزرێنن کە تازە بە تازە زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەیان بەدەست هێناوە، ئەمانە دوابەدوای تەواوکردنی ماوەیەکی کورتی ڕاهێنانی سێ مانگی یان شەش مانگی جێگیر دەکرێن و پلەو پۆستی باڵایان پێ دەدرێت تەنها بە بیانووی ئەوەی خاوەن بڕوانامەن، ئەگەر چی خاوەن زانست و شارەزایی و مومارەسەی پراکتیکیش نەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕۆژانەو سەرپەرشتی کردن و بەرێوەبردنی تاکەکاندا!
بێ گومان ئەم هەڵبژاردنانە بیرۆکەی (تواناو لێوەشاوەیی) لە ماناو فەلسەفە جوانەکەی خاڵی دەکاتەوە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی لە نێو تیمی کارکردنیشدا، چونکە (سەرکردایەتی) کردن پۆستێکی کارگێڕیی – ئیداریی نیە، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی گەورەیەو پێویستی بە ئەزموون و سەلیقەو قاڵ بوون و کامڵ بوونە، دیارە تواناو لێوەشاوەیی بە ژمارەی بڕوانامەو نازناوو بەڵگەنامەکان ناپێورێت، بەڵکو بەڕادەی توانای کەسەکە دەپێورێت لە داهێاندا، لە بڕیارداندا، لە سەرکردایەتی کردنی تیمەکەیدا، هەروەها تا چ ڕادەیەک دەتوانێت نەخشەو پلانەکان بکاتە بەرهەم و دەستکەوت و دەرەنجامی گەورە ! سەرنج بدەن..
پێگەی (Monster) كە پێگەیەكی جیهانییە بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار لە توێژینەوەیەكدا كە ئەنجامی دابوو بۆ بەڕێوبەرە گشتییەكان، بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لە كۆمپانیادا دابمەزرێت پێنج توانا و بەهرەی تایبەتی بە مەرج گرتبوو كە بریتیبوون لە: توانای چارەسەكردنی گرفتەكان، وریایی لە وردەكاریەكاندا، توانای بەكارهێنانی مایكرۆسۆفت ، سەلیقە و بەهرەی دروستكردنی پەیوەندی چ بەگفتوگۆ چ بەنوسین، توانای بە بازاڕ كردن! ئەگەر سەرنج بدەین لە هیچ یەكێك لەو پێنج مەرجەدا ئاماژە بە زانكۆ و بڕوانامە نەكراوە!
هەر لەو چوارچێوەیەشدا بوو حوزەیرانی ساڵی 2020 (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا ڕەشنووسی یاسایەكی ئیمزا كرد كە حكومەتی فیدڕاڵی ناچاركرد لە وەرگرەتن و دامەزراندنی فەرمانبەراندا (بەهرەو توانا تایبەتەكان) لەبەرچاو بگیرێن نەك بڕوانامە ئەكادیمییەكان، بە دەرچوونی بڕیارەكەش دوو ملیۆن فەرمانبەری حكومی جارێكی تر لەسەر بناغە و پێوەری توانا و لێهاتوویی هەڵسەنگاندنیان بۆ كرایەوە!
لە ڕاستیدا ئەو لایەن و دەزگاو دامەزراوانەی (بڕوانامە) و (لێوەشاوەیی) لەیەکتر جیادەکەنەوە موجازەفە بە ئەرک و ئەداو ناوبانگی خۆیانەوە ئەکەن، چونکە گومانی تێدا نیە ئەو کەسەی خاوەن ئەزموون و شارەزایی پراکتیکی نیە لە بوارو پسپۆڕیەکەی خۆیدا ناتوانێت وەک پێویست ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە بەڕێوە ببات کە پێی سپێرراوە..
کەواتە هاوکێشە ڕاستەکە بریتی نیە لە (بڕوانامە) لەبەرانبەر (کەفائە)، بەڵکو هاوکێشە ڕاستەکە بریتیە لە (بڕوانامە) پشتیوان بە (تواناو کەفائە).
لەهیچ بوارێکدا کورسی و پلەو پۆست نابێت بدرێت بەو کەسانەی تەنها دەستەواژەکانیان لەبەرەو بەس، بەڵکو بەو کەسانە دەدرێت لێهاتوویی و بەرچاوڕوونیان هەیە، بەهرەو سەلیقەی سەرکردایەتی کردنیان هەیە، زیرەکانە زانست و زانیاریەکان دەکەنە دەستکەوت.
بۆیە دەڵێین: لە ئێستاوە پێویستە فەلسەفەی دامەزراندن لە تەنها ئەو پرسیارەوە ( چەند بڕوانامەت هەیە ؟) بگۆڕدرێ بۆ پرسیارێکی قوڵتر کە دەڵێت: (بەرهەم و دەستکەوتەکانت چین؟ چیت بەدەست هێناوە؟)، دەبێت ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت: بڕوانامە ئامانجە، بگۆڕدرێ بەو ئاراستەیەی کە بڕوانامە ئامرازێکەو دەروازەیەکە بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی تواناو بەهرە شاراوەکان، چونکە کاتێک پلەو پۆست دەدرێتە کەسانێک خاوەن زانست و ئەزموون و شارەزایی کردەیین، ئیتر پلەو پۆستەکە دەبێتە ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی و گەشەکردن و پێشکەوتن، نەک پاداشتکردنی کەسە هەڵبژێرراوەکە وەک ئەوەی ئێستا کەباوە!
