spot_imgspot_img

خۆبەڕێوەبەریی هۆشداری لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی سووریا دەدات

ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە حکومەتی کاتیی سووریا دەکات کۆتایی بە توندوتیژییەکانی دژ بە ناوچە عەلەوینشینەکان بهێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر زیادبوونی شەپۆلی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سووریا، بەتایبەت لە ناوچە کەناراوەکان و پارێزگای سوەیدا.

جەختی کردەوە کە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندەران، وڵات بەرەو شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی پەلکێش دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشکردنە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن و هێنانی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی جیاجیای وەک “هێزی عەشیرەتەکان”، تاوانێکی ڕێکخراوە و گورزێکە لە ئاشتیی ناوخۆیی و زاڵکردنی فیتنە و ئاژاوە لەنێوان سوورییەکاندا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پشتگیریی بۆ مافە ڕەواکانی سوورییەکان و خواستەکانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دووپاتدەکاتەوە، دەڵێت: “دیالۆگی سیاسی و ئاشتییانە، تاکە ڕێبازە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دوورخستنەوەی وڵات لە پشێویی”.

هەروەها داوا لە حکومەتی کاتیی سووریا دەکات، ڕێز لە ئیرادەی دانیشتووان بگرێت، کۆتایی بە توندوتیژیی دژی خەڵکی مەدەنی بهێنێت، هۆشدارییش دەدات سەبارەت بە گرژییەکانی حومس و کەناراوەکان و سوەیدا، جەختدەکاتەوە ئەم گرژییانە کاریگەریی مەترسیداریان لەسەر ئایندەی وڵاتەکە دەبێت و ڕێگردەبێت لەبەردەم پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک و ناناوەندیی.

ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، پێشێلکردنی بەها مرۆڤایەتییەکانە و دەبێت کۆتایی بە گوتاری کینەئامێز بهێنرێت کە مۆزایکی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت.

دووپاتیشیکردەوە کە “بژاردەی ئێمە، ئاشتی و دیالۆگ و یەکێتیی سوورییەکان و بنیادنانی سووریای دیموکرات و ناناوەندییە”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە