دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەو وادە کۆتایییە پاشگەز بووەوە کە پێشتر بۆ ئۆکرانیای دیاری کردبوو تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ڕازی بن بەو پلانەی ئاشتی کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکات.
ترەمپ وتی: “لای من وادەی کۆتایی ئەوکاتەیە کە کارەکە ئەنجام دەدرێت”.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو؛ دانوستانکارانی ئەمەریکا لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونیان بەدەستهێناوە، و مۆسکۆ بە هەندێک سازش ڕازی بووە.
ترەمپ ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی کردبووەوە کە ئیدارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەک وادەی کۆتایی دیاریکردووە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا ڕازی بێت بە پلانەکەی کۆشکی سپی، کە لە ٢٨ خاڵ پێکهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی لەگەڵ “فۆکس نیوز” وتبووی: “من زۆر وادەی کۆتاییم دیاریکردووە، بەڵام ئەگەر کارەکان بە باشی بەڕێوە بچن، دەکرێت مۆڵەتەکان درێژ بکرێنەوە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە وادەی کۆتایییە”.
