بەڵگەنامەیەک کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا واژۆی کردووە و ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، داوای “چەسپاندنی زمان و ناسنامەی ڕووسی” دەکات لەو بەشانەی ئۆکرانیا کە مۆسکۆ لە کاتی داگیرکردنی ئۆکرانیاوە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە خستوویەتە سەر خۆی (لکاندوویەتی).
بەڵگەنامەکە بە ناونیشانی “ستراتیژیی سیاسەتی نیشتمانیی ڕووسیا تا ساڵی ٢٠٣٦” وەک مەرسوومێک لەلایەن پوتینەوە واژۆ کراوە و دەرچووە.
بەڵگەنامەکە داوای “گرتنبەری ڕێوشوێن دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی تا ساڵی ٢٠٣٦، لە سەدا ٩٥ی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا ببنە ڕووس”.
پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەبووە، تەنانەت پێش سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە ئۆکرانییەکان هاوسۆزییان بۆ ڕووسیا هەبووە و زۆربەشیان بە هەردوو زمانەکە قسەیان کردووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە، هەر جۆرە هاوسۆزییەک لەو شێوەیە نەماوە و(ڕەویوەتەوە)، وەک ڕاپرسییەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی زمانی ڕووسی لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کیێڤ ئامادەیە بچێتە پێشەوە لەو پلانەی کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە خوێناویترین و وێرانکەرترین ململانێ لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.
بەڵام ئۆکرانیا نیگەرانە لەوەی ناچار بکرێت ڕێککەوتنێک بە مەرجەکانی ڕووسیا قبووڵ بکات، کە دەستبەرداربوون لە بەشێک لە خاکەکەی لەخۆ دەگرێت.
پوتین لە شوباتی ٢٠٢٢ فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا دەرکرد، و ڕایگەیاند ئامانج لێی “نەهێشتنی ڕەوتی سەربازی و لەناوبردنی نازیزم و ڕزگارکردنی ڕووسی زمانەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەوەی کە کرێملن بە جیاکاریی ئاشکرا دژیان وەسفی کرد”.
لە ماوەی ٦ مانگدا، ڕووسیا بە یەکلایەنە لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسك، خێرسۆن و زاپۆریژیای ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی سەربازیی بەسەریاندا نییە.
لە بەڵگەنامەکەدا کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاتووە؛ دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات “هەلومەرجی بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی مێژوویی دەوڵەتی ڕووسیا ڕەخساندووە”.
بەڵگەنامەکە جەخت لەسەر پێویستیی “گرتنبەری ڕێوشوێنی زیادە دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی مەدەنیی ڕووسیی گشتگیر، چەسپاندنی بەکارهێنانی زمانی ڕووسی، و کارکردن دژی هەوڵی وڵاتانی بیانیی نادۆست بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان نەتەوە و ئایینەکان و دروستکردنی دابەشبوون لەناو کۆمەڵگەدا”.
جگە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر فراوانبوونی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەرەو ڕۆژهەڵات لە ساڵانی نەوەدەکانەوە، پوتین بەرگریکردن لە ڕووسی زمانەکان و یەکخستنەوەی ئەو ناوچانەی کە ڕووسیا بە هی خۆی دەزانێت لە ڕووی مێژووییەوە، کردووەتە بەندێکی سەرەکی لەو “ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتە”ی کە مۆسکۆ لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات.
لە دوای هەرەسهێنانی حوکمڕانیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، زمانی ئۆکرانی تاکە زمانی دەوڵەت بووە لە ئۆکرانیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی کیێڤ هەر جۆرە تێڕوانینێک ڕەتدەکەنەوە کە باس لەوە بکات ڕووسی زمانەکان ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە.
ڕووسیا دەڵێت “بیری ئایدۆلۆژیای(نازی نوێ) دزەی کردووەتە ناو ژیانی گشتیی ئۆکرانیاوە”، ئەوەش لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە سەرۆکی ئەوکاتەی ئۆکرانیای لایەنگری ڕووسیای ناچار کرد لە وڵات هەڵبێت.
