spot_imgspot_img

“هیچ چەکێکمان بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان نەگواستووەتەوە”

ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازیی پێشکەش بە لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان کردبێت.

قەرقاش لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی “CNN”ی ئەمەریکی وتی: ” ئیمارات لە هەڵوێستەکەیدا سەبارەت بە چەک جێگیر بووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆوە هیچ چەکێکمان بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان نەگواستووەتەوە”.

لە بەرامبەردا، بەرپرسە ئیماراتییەکە باسی لە “نزیکەی ١٦٢ گەشتی ئاسمانی کرد لە ئیماراتەوە بۆ گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوودان”.

وتی: “ئێستا هەر کەسێک چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکان بکات وا بیر دەکاتەوە هەر فڕۆکەیەک لە ئیماراتەوە دەربچێت شتی گوماناوی هەڵگرتووە، بەڵام چۆن لێکدانەوە بۆ ئەم ١٦٢ گەشتە دەکەن کە هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو؟”.

قەرقاش خواستی خۆشی دەربڕی بۆ “بینینی سوودان بە یەکگرتوویی، تا بەشدار بێت لە سەقامگیریی ناوچەکە، ئەمەش بەو مانایەیە کە نابێت گرووپی ئیخوان (ئیخوان موسلمین) یان گرووپە توندڕەوەکانی دیکە هەژموونیان هەبێت”.

قەرقاش هەڵوێستی ئیماراتی سەبارەت بە جەنگی سوودان بە “زۆر ڕوون” وەسف کرد و وتی: “مەبەستم ڕاگرتنی بێ مەرجی شەڕە، ئاگربەستێکی مرۆیی کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی هەمیشەیی شەڕ، دەبێت ئەمە بێ مەرج بێت، دەبێت ئێستا ڕووبدات”.

هەروەها وتی: “بەیاننامەیەکی چوارقۆڵیمان هەیە کە ڕێڕەوی داهاتوو دیاری دەکات، کە لەم دۆخەی ئێستای سوودانەوە دەمانگوازێتەوە بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی، گەیشتنی بێ ئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتیی مەدەنی”.

وتیشی: “پێم وایە پاڵپشتیی مرۆیی فراوان بۆ سوودان شتێکی پێویستە، ئەمڕۆ ئێمە وەک(دەوڵەتی ئیمارات) دووەم گەورەترین بەخشەری هاوکاریی مرۆیین بۆ سوودان لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەمانەوێت ئەم پاڵپشتییە زیاد بکەین”.

قەرقاش ئاماژەی بەوەشدا: “پێم وایە ئەوەشمان ڕوون کردووەتەوە کە دوو لایەنی شەڕکەر هەن، بۆیە سروشتییە کە یەکێک لە لایەنەکان هەڵوێستی دژ بەوە هەبێت کە ئیمارات بانگەشەی بۆ دەکات، ئەویش گواستنەوەیە بۆ حوکمڕانیی مەدەنی”.

هەروەها جەختی کردەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئیمارات لە سوودان ئابووری نین، “مەبەستم ئەوەیە هەموو زێڕی سوودان، بۆ نموونە، کە وەک بەشێک لە هێرشکردنە سەر ئیمارات بەکاردەهێنرێت، تەنها ١٪ی هاوردەی زێڕی ئیمارات پێکه دەهێنێت”.

لە کۆتاییدا قەرقاش وتی: “سەبارەت بە ئیمارات و پەیوەندییەکەی بە گەلی سوودانەوە نیگەران نیم، پەیوەندییەکەمان نایاب بووە و هەرواش دەمێنێتەوە کە لەسەر مێژوویەکی درێژ لە هاوکاریی بنیاتنەر دامەزراوە، سەبارەت بەو کەمینەیەی چالاکوانانیش کە ڕەخنە ئاراستەی ئیمارات دەکەن، ناتوانین ئێمە ئەوان قەناعەت پێ بکەین و پێم وا نییە سەبارەت بەوە نیگەران بم”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە