نوێنەرانی خاوەن مۆلیدەکانی گەڕەکەکانی هەولێر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکە گردبوونەوە و داوا دەکەن حکومەت قەرەبوویان کاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، خاوەن مۆلیدەکانی گەڕەکەکانی هەولێر گردبوونەوە و لەیاداشتێکدا ڕایانگەیاند کە ساڵانی ڕابردوو هاوکاری حکومەت بوون لەدابینکردنی کارەبا و لەپڕۆژەی ڕووناکیش ڕێنماییەکانیان تەواو جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە زیانێکی زۆریان بەرکەتووە.
ئەو خاوەن مۆلیدانە داوا لەسەرۆکی حکومەت دەکەن، حکومەت قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکاتەوە و لەهەمان کاتدا ئەو کەسانەی وەک کارەباچی و ئیشپێکەری مۆلیدەکان کاریان کردووە دابمەزرێن لەپڕۆژەی ڕووناکی، چونکە هەموویان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگان.
لە دوای فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، مۆلیدە ئەهلییەکان لە سەنتەری سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کوژێندراونەتەوە کە بە پێی ڕاگەیەندراوێکی پڕۆژەکە، 3700 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.
