spot_imgspot_img

هەوای بەغدا بووەتە پیسترین لە جیهاندا

بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک، کەشوهەوای بەغدا بەهۆی پیسبوونی زۆری هەواوە لە دۆخێکی نالەباردا، تەمێکی دووکەڵاوی ئاسمانی شارەکەی گرتووە و بڵاوبوونەوەی بۆنی گۆگرد لە کەشەکەدا هەستی پێدەکرێت، ئەوەش وایکردووە بەغدا لە پلەی یەکەمدایە لە ڕووی پیسیی ژینگەکەی لەسەر ئاستی هەموو شارەکانی جیهاندا.

ئاستی پیسبوون لە بەغدا گەیشتووەتە 374، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە جیهاندا. دوای ئەویش شاری لاھور لە پاکستان دێت بە 359 و لە پلەی سێیەمیشدا شاری دەلهی لە ھیندستان دێت.

عەقیل مەتەر، سەرۆکی لیژنەی پێشبینی کەشوهەوا لە زانکۆی موستەنسرییە، بە ئاشکرایی هۆشداری داوە و شاری بەغدا بە “بۆمبێکی پیسبوون”  لە گازی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین (NO2) وەسف دەکات. ئەم گازە لە ئەنجامی سوتاندنی سووتەمەنییەکانی وەک غاز، نەوت، بەنزین دروست دەبێت.

بەرزترین ڕێژەی ئەم گازە پیسکەرە لە سێگۆشەیەکی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای بەغدا کۆدەبێتەوە لە بەسمایە لە ڕۆژهەڵاتەوە تا دۆرە لە ڕۆژئاوا و بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە تا کەربەلا.

مەتەر ڕوونی کردەوە کە لە ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی ئاراستەی با و زۆر بوونی جیاوازیی گەرمی نێوان شەو و ڕۆژ، ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین لەسەر ناوەند و دەوروبەری شاری بەغدا چڕدەبێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە کاتێک خۆر هەڵدێت، بە تایبەتی لە بەیانییە شێدارەکاندا، کارلێکی کیمیایی نێوان ئۆکسیدی نایترۆجین، شێ، و وردیلە ڕەقەکان بە یارمەتی تیشکی خۆر دەست پێدەکات.

ئەنجامی ئەم کارلێکە دیاردەی تەمە دووکەڵاوییەکەی ڕۆژ (Daytime Smog) دروست دەکات، کە تێکەڵەیەکە لە پێکهاتەی ئەندامی و لەسەروویانەوە ئەلدیھایدەکانن. ئەمەش ڕەنگی خۆڵەمێشییەکی مەیلەو قاوەیی بە دیاردەکە دەدات، جگە لە بۆنێکی تیژ کە لە بۆنی گۆگرد دەچێت.

وتیشی، بەرهەمی دووەمی ئەم کارلێکە بریتییە لە گازی ئۆزۆنی (O3)ی ژەهراوی، کە ئەویش بۆنێکی تیژی هەیە.

مەتەر ئاماژەی بەوەدا کە دیاردەکە زۆر مەترسیدارە و چەندین جار هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە و هۆکارەکانیشیان دیاری کردووە، بەڵام ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنەبەر، کێشەکە چارەسەر ناکەن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە