هەوڵی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە و گفتوگۆکانیان بەرەو قۆناغێکی جدیتر دەچێت، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی پێشنیازێک بۆ خستنەڕووی کاندیدەکانی سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران) لە یەک دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، بۆ ئەوەی وەک “پاکێجێکی یەکگرتوو” دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پۆستە سیادییەکان دوو بۆ سێ مانگ بخایەنێت، بەهۆی ئەوەی پێویستە لەنێو پێکهاتە سەرەکییەکاندا سازانیان لەسەر بکرێت.
زیا ناسری، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت بە خێراییەکی زۆر بەرەو پێش دەچن، بەر لە پەسەندکردنی فەرمیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم مانگە.
ئاماژەی بە بوونی خواستێکی ئاشکرا کرد لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی “گەورەترین کوتلە” بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێش یەکەم دانیشتنی پەرلەمان.
وتیشی، لیژنەیەکی سیاسی لەناو چوارچێوەکەدا دەستی بە گەڕێکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردی و سوننییەکان کردووە و درکیان کردووە بەوەی خواستێک هەیە کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بە یەک پاکێچ تێپەڕێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران.
لای خۆشیەوە نیهال شممەری، کاندیدی براوەی هاوپەیمانی عەزم، ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەی گرنگییەکی زۆر دەدات بە دانانی دیدگایەکی دانوستانکاری یەکگرتوو کە دۆسییەکانی ئابووری، ئاو و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم لەخۆ بگرێت.
لایەنە سوننییەکان بە گرنگییەوە سەیری سەردانە دوولایەنەکانی نێوان سەرکردەی پێکهاتەکان دەکەن، لەوانە سەردانەکەی نوری مالیکی بۆ هەولێر، وەک ئاماژەیەک بۆ هێورکردنەوەی سیاسی و فراوانکردنی ڕێڕەوەکانی لێکتێگەیشتن.
