یەكگرتوو دەستپێشخەرییەك بۆ كۆكردنەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەستپێشخەرییەك پێشكەش دەکات بە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان.
د. سەڵاحەدین بابەكر، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ (سپێدە) رایگەیاند، لە روانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و هەستیاری بەهێزكردنی پێگەی هەرێم و خزمەتكردنی هاوڵاتیان هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە كەڵەكە بووەكانی نێوان هەرێم و عێراق، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، داوای كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەك بۆ چۆنیەتی گفتوكردن و پاراستن و دابینكردنی دەستكەوتەكان و بەدەستهێنانی بەركەوتەكانی هەڵبژاردن و مافە ڕەواكەكانی هەرێمی كوردستان دەکات.
لە نەخشەڕێگاكەدا هێڵە سوورەكانی هەرێمی كوردستان وەك ( مووچە و بودجە و ماددەی 140 و یاسای نەوت و غاز و پێشمەرگە ) دیاریکراون و بە مەرجگیراون بۆ پاڵپشتیكردن و دەنگدان بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
د. سەڵاحەدین بابەكر ئاماژەی بەوەشكرد، یەكگرتوو تەئكید دەكاتەوە كە پێویستە ئەوپەری هەوڵ بدرێت بۆ گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
