قوباد تاڵەبانی بە بەرپرسانی ئەمریكا ڕادەگەیەنێت، عێراقێکی بەهێز هەڕەشە نییە بۆسەر هەرێم، بەڵکو بە پێچەوانەوە کورد دەبێت بەشێک بێت لە عێراقێکی بەهێز بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمیش بەهێزبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق باسمان لەوەکرد، عێراق پێویستیی بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارایە کە بتوانێت سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
دەشڵێت: عێراقێکی بەهێز هەڕەشە نییە بۆسەر هەرێم، بەڵکو بە پێچەوانەوە کورد دەبێت بەشێک بێت لە عێراقێکی بەهێز بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمیش بەهێزبێت.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەرکی حکومەتی داهاتووی عێراقە، زەمینەی گونجاو بۆ گەشەپێدانی عێراق بڕەخسێنێت و ئاسانکاریی تەواو بکات بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و بە تایبەتیش وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بۆ ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن.
