وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ حكومەتێكی سەركەوتوو بەبێ یەكێتی پێكنایەت و دەشڵێت: یەكێتی لە بەغدا وەك بەڵێنی داوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كێشەی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، كە تیایدا گفتوگۆ لەبارەی هەر سێ تەوەری (هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی فیدڕاڵی) کرا.
ڕاشیگەیاند، یەکێتی دووپاتی دەکاتەوە پێداگر و سوورە لەسەر تەواوی داخوازییەکانی لەو بەڵێنانەی بە هاوڵاتییانی داوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کاریگەر.
وتیشی، “داوای لێبوردن دەکەین کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بووبینە هۆی بێزارکردن و ئەرک و ماندووبوونی هاووڵاتییان و یەکێتی بەجدی کاردەکات بۆ قۆناغی خۆسازدانەوە و پەیکەربەندی حزب لەسەر بنەمای سزا و پاداشت”.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو کارنامەیەی حکومەت، کە لەگەڵ پارتی دامانڕشتووە و نزیکبووینەتەوە لە کۆتایی و پەشیمان نەبووینەتەوە و چاوەڕِوانیمان ئەوەیە لایەنەکانی دیکەش پەشیمان نەبووبێتنەوە و بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە بۆ ئەوەی بە زوویی دانوستانەکان دەستپێبکەینەوە و حکومەت پێکبهێنین.
جەختیشی كردەوە، هێز و دەنگی ئێوە دەبین لە بەغداد، بۆ ئەمەش ئێمە بە پرۆژەیەکی سیاسی و پرۆژەیەکی ئابووری بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەین.
وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت: هیچ حکومەتێکی سەرکەوتوو بەبێ یەکێتی پێکنایەت.
دەربارەی مووچەی هاووڵاتیان، كە ئاخۆ سەرۆكی یەكێتی ئامادەیە بچێتەوە بەغدا بۆ چارەسەركردنی، كاروان گەزنەیی وتی، ” بافڵ تاڵەبانی بۆ پرسی مووچە ئامادەیە چەندین جار بچێتەوە بەغدا و یەكێتی لە بەغدا وەك بەڵێنی داوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كێشەی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات”.
دەشڵێت: پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق حەقی یەكێتیی نیشمانییە و كاندیدمان دەبێت بۆی؛ تائێستا مەكتەبی سیاسی بڕیاری لە كاندیدەكە نەداوە.
بە وتەی کاروان گەزنەیی: یەكێتیی هیوادارە هەموو لایەنە كوردستانییەكان بگەنە وەرەقەیەكی دانوستانی هاوبەش، بۆئەوەی لە بەغداد بە یەك دەنگ شەڕی مافە دەستورییەكان بكەین.
ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتیی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، لە دوو ساڵی رابردوودا سێ هەڵبژاردن كراوە، لە هەرسێ هەڵبژاردنەكەدا ركابەرەكانمان دەنگ و كورسییان كەمیكردووە و هی یەکێتی زیادی کردووە.
