وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و باڵیۆزەكە دەڵێت: دەمانەوێت ڕێكکەوتنی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام و درێژخایەن بێت.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕِێکەوتی 25ی تشرینی دووەم، لە دیدارێكدا، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت)، پێشوازیی لە چاشوا هاریسۆن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر پەیوەندیی مێژوویی و بەهێزی نێوان گەلی كورد و ئەمریكا، باسیان لە دوا پەرەسەندنەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت کرد.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق “خۆشحاڵیی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر بەو هەنگاوانەی بۆ پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت نراوە”.
جەختی لەوە کردەوە، کە “دەیانەوێت ئەم ڕێکكەوتنە سێ لایەنە بەردەوام و درێژخایەن بێت و چارەسەری ئاستەنگ و هەموو ئەو گرفت و کێشانەش بکرێت کە دێتە بەردەمی ڕێکەوتنەکە”. هاوکات پشتیوانی لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێم دەکات.
وتیشی، ب”ابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی ستراتیژیی و گرنگە لەلای ئیدارەی ئەمریكا”.
بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكان، بەتایبەت چارەسەركردنی گرفتە تەكنیكییەكان و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان و دەستخۆشی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش كرد بۆ پابەندبوونیان بە رێكەوتنی سێ لایەنەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت.


