spot_imgspot_img

مەسعود حەیدەر: لێكتێگەیشتن كراوە سەرۆك كۆماری عێراق لە پارتی بێت

راوێژكارێكی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەلی كورد بڕیاری لەسەر ڕیفراندۆم داوە و ئەمەش مافی خۆیەتی و دەشڵێت: نێوانی بارزانی و مالكی زۆر بەهێزە و لێگەیشتن كراوە بەوەی سەرۆكی داهاتووی كۆماری عێراق لە پارتی بێت.

مەسعود حەیدەر، راوێژكاری مەسعود بارزانی لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی (دیجلە) ڕایگەیاند، “سەركردایەتی سیاسی كورد تائەم ساتەش دان بە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆمدا دەنێت”.

دووپاتیشیكردەوە، “لە وڵاتە دیموكراسییەكان ریفراندۆم لەسەر زۆرێك لە بابەتەكان دەكرێت و سەبارەت بە ریفراندۆمی كوردستان سەركردایەتی سیاسی كورد ئەم بریارەی دا و گەلی كوردیش بە رێژەی 97% بەشدارییان لە ریفراندۆمەكە كرد و بە رێژەی 92% دەنگیانداوە بە ڕیفراندۆم”.

وتیشی، “بێگومان گەلی كوردیش داخوازە قەوارەیەكی سیاسی و سنووری هەبێت و سەركردایەتی سیاسی كوردیش هاوكێشە هەرێمایەتییەكان و نێودەوڵەتییەكان دەخوێنێتەوە و هەڵسوكەوت لەگەڵ واقع دەكات”.

ڕاشیگەیاند، هاوپیمانی كوردی-شیعی بنەمای سیستمی سیاسی ئێستایە و پۆستی سەرۆکی كۆماری عێراق بۆ كورد یەكلابووەتەوە.

ئاشكراشی كرد، لێگەیشتن كراوە بەوەی سەرۆكی داهاتووی كۆماری عێراق لە پارتی بێت، بەڵام مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە پۆستەکانیان دەمێننەوە.

بە وتەی مەسعود حەسدەر، “نوری مالكی سەركردەیەكی سیاسییە و قسەكانی جێگەی سیقەن و نێوانی بارزانی و مالكی زۆر بەهێزە و پەیوەندی بەردەوامیان هەیە”.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی عێراق وتی، “بابەتی مووچە و بودجە و ماددەی 140 كە دەستوور و دادگای فیدڕاڵی بڕیاریان لێداوە و هەروەها مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان گرنگترین دۆسیەكانی كوردن بۆ گفتوگۆ لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو”.

مەسعود حەیدەر، كە پێشتر بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق بووە و دەستی لەكاركێشاوەتەوە دەڵێت: ئەو مامەڵەی وەزارەتی دارایی لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەیكات، كە قوربانی داوە و ئەنفال و كیمیاباران كراوە، مامەڵەیەكە ناگونجێت لەگەڵ ئاداب و نەریتی كۆمەڵگەی عێراقی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە