spot_imgspot_img

سنوورە کۆنکرێتییەکەی نێوان عێراق و سووریا چی لەخۆ دەگرێت؟

فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری عێراقی سەر بە سوپای عێراق، تەواوکردنی بەشێکی دیوارێکی سنووری ڕاگەیاند، کە بە “تۆڕێکی بەرگریی تەواو” وەسفی کردوو وتی گرنگترین دیواری کۆنکرێتییە لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا.

فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) گواستوویەتیەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە “کارەکانی دروستکردنی سەنگەر و بەربەستەکان لەسەر سنووری عێراق – سووریا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکردووە، بە درێژایی شریتێکی سنووری کە درێژییەکەی زیاتر لە ٦١٨ کیلۆمەترە”.

هێزەکانی پاسەوانیی سنوور ڕوونیان کردەوە کە “تا ئێستا نزیکەی ٣٥٠ کیلۆمەتر لە دیوارە ئەمنییە کۆنکرێتییەکە تەواو کراوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ داخستنی هەموو کەلێنە ماوەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچێتی”.

بەپێی (واع)، هێزەکانی سنوور ئەوەیان خستە ڕوو، “دیوارە کۆنکرێتییەکە بە سیستمێکی بەربەستی فرەجۆر پشتیوانی کراوە، کە بریتییە لە خەندەقێک بە پانی ٣ مەتر و قووڵی ٣ مەتر، و سەنگەرێکی خۆڵین بە بەرزی ٣ مەتر، بەربەستی تێلی لولەیی چوار چین، و سیاجێکی کانزایی (BRC)، جگە لە بورجی چاودێری کە هەر یەکێکیان ١ کیلۆمەتر لەوەی دیکەوە دوورە، و بەکامێرای(حەراری) پێشکەوتوو تەیار کراون کە بەستراونەتەوە بە سیستمێکی چاودێریی ناوەندییەوە”.

وتیشی کە “پتەوکردنی سنوور تەنها پشت بە دیوارە کۆنکرێتییەکە نابەستێت، بەڵکو تۆڕێکی بەرگریی تەواو دەگرێتەوە کە خەندەق، تێلی دڕکاوی، و سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەخۆ دەگرێت، سەرەڕای بەکارهێنانی کامێرای حەراری وردبینی بەرز و ئامێرەکانی چاودێریی شەوانە و ڕۆژانە کە ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن”.

فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ڕوونی کردەوە کە “کارەکانی پتەوکردن لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران، ئوردن، سعودیە، کوێت و تورکیاش جێبەجێ دەکرێن، بەڵام بە ئاستی جیاواز بەپێی هەڕەشە ئەمنییەکان لە هەر ناوچەیەک”.

وتیشی: “لەگەڵ ئێران، لە هەندێک ناوچە خەندەق، و بەربەستی تێلی لولەیی، و سیاجی BRC هەیە، و کارەکانی پتەوکردن بەپێی پێویستیی مەیدانی بەردەوامن”.

فەرماندەیی هێزەکانی سنوور جەختی لەوە کردەوە کە “سنوورەکانی عێراق لە ئێستادا بە ٩٧٥ کامێرای حەراری تەیار کراون کە پەخشەکەیان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەنتەری سەرەکی لە بەغدا، کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی کامێراکانی هەیە لە دوورەوە، لە ڕووی ئاڕاستەکردن و تۆمارکردن و بەڕێوەبردنی میمۆرییەوە، جگە لە بوونی فەوجی هونەریی تایبەتمەند بە کامێراکان لە هەر لیوایەکی پاسەوانیی سنووردا”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە