سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا بەرگری لە سەردانی شاندی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ڕاشیگەیاند، کورد و تورک دەبنە یەک دەنگ.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا “مەهەپە” پشتیوانی بۆ سەردانەکەی شاندی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان لە گرتووخانەی ئیمرالی کە دوێنی ئەنجامیاندا.
باخچەلی ڕایگەیاند، سەرەکیترین لایەنی گفتوگۆکاری پرۆسەی ئاشتی ئیمرالییە وەک ئاماژەیەک بۆ عەبدوڵا ئۆجالان.
هاوکات بەرپەرچی ئەو ڕەخنانەشی دایەوە کە ئاڕاستەی سەردانەکە کراوە و ڕایگەیاند، چی بوو؟ گوایە دادگایی دەکەین. گوایە لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکەن. گوایە بەپێی دەستوور و یاساکان تاوان دەکەین! ئێوە ئەگەر دادگاییش بکەن، دادگاییی گێچەڵ و لاوازیی گیرفانچێتی دەکەن. لەم تەمەنەمدا بە پیاوانە و ڕاستگۆییەوە هاوار دەکەم. بەسە بۆ ئەوەی ئاشتی، ئارامی و هێمنی بێتەدی، بەسە بۆ ئەوەی تیرۆر بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ژیانمان دەربهێنرێت، با کۆتایی ئێمەش سێدارە بێت”.
وتیشی: “بڕیاری ڕۆشتن بۆ ئیمراڵی لە دەنگدانی ڕۆژی هەینیدا وەرگیرا، لە پەرلەمانتارەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست، ئاکپارتی و دەم پارتیش ڕۆشتنە دوورگەی ئیمراڵی. ئەمەش پێشکەوتنێکی مێژووییە. بەم بۆنەیەوە لە دڵەوە سوپاسی فەتحی یڵدز و پەرلمانتارانمان دەکەم. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و خۆیان لە ڕۆشتنە ئیمراڵی کشاندەوە، با خۆیان یەکلابکەنەوە”.
دەوڵەت باخچلی ڕاشیگەیاند، “بێگومان لە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەماندا، لەوانەیە بیروباوەڕی جیاوازمان هەبێت وەک پەنجەکانی دەستێک. بەڵام ئەگەر باسەکە دۆخ و بەرژەوەندی وڵاتەکەمان بێت، جگە لە یەکگرتن وەک مشتێکی گرێدراو، هیچ بژاردەیەکی دیکە ناناسین. ئەگەر بابەتەکە تورکیا بێت، دەبێت جیاوازییەکان وەلا نێین و یەک بگرین. ڕێگا نادەین بە تێکدەران و وێرانکەران. بەهایەک بۆ بەرژەوەندیخوازەکان دانانێین. گرنگی نادەین بە هاندان و پیلانەکان، یەک دەگرین و یەکتر لەئامێز دەگرینەوە. وەک کورد و تورک دەبینە یەک دەنگ، یەک هەناسە”.
