سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەردەوامن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد.
لە دیدارەکەدا کە گویندەلن گرین کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە بارزانی کرد.
هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی کرد لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی رۆشنایی خستە سەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ کە ڕەنگدانەوەی خواستی تەواوی گەلی عێراق و لەسەر بنەمای دەستوور بێت.
لەبارەی هەرێمی کوردستان سەرۆکی پارتی جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە لە نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارە گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتیی باسیان لێوەکرا. هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێشخستن و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و عێراق.
