spot_imgspot_img

ئەنجومەنی نیشتیمانی سووننەکان، تەحەدایەکی ئەخلاقی وسیاسی تر بۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد

ئەبوبەکر عەلی

لەدوای شیعەکان، سووننەکانیش سەرەڕای ناکۆکی زۆری نێوانیان، چوار چێوەی هاوبەشی خۆیان پێکهێنا. ئەنجومەنی نیشتیمانی چوارچێوە کۆکەرەوە نوێکەی فراکسیۆن و سەرکردە سیاسییە سووننەکانە، چونکە خۆیان و پشتیوانەکانیان لەوە تێگەیشتوون، عێراق و ناوچەکە بەگشتی لەبەردەم تەحەددا و ئەگەری ئاڵوگۆری جددی و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەو هاوکێشەو هاوپەیمانییەتەکاندان، ئەوەش دەخوازێت کۆی تواناکانیان کۆبکەنەوەو لانی کەم هاوشێوەی جاران سەرقاڵی ناکۆکی وململانێ حیزبی وتاکەکەسی وناوچەییەکانی نێوان خۆیان نەبن و بپەرژێنە سەر بەدوادا چوون بۆ بارودۆخە گشتیەکە و خۆیان بۆ ئەگەرو سیناریۆ جیاوازەکان ئامادەبکەن، کە ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆی دۆخی عێراق و سووننەکان وهێزەکانیانەوە دەبێت، کەسیشیان بەتەنهایی یاخود بە پەرش وبڵاوی ناتوانن ڕووبەرووی دۆخەکە ببنەوەو بەرگری لەپێگەو مافی پێکهاتەکەیان بەو جۆرەی پێویستە بکات.

ئەنجومەنی نیشتیمانی سووننەکان جگە لەوەی وێنای پێکهاتە گەربەکاتیش بێت بۆ سووننەکان دەگێرێتەوە، پێگەیان لەگفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بەهێز دەکات بە حوکمی نوێنەرایەتی و بەرنامە و گفتوگۆی هاوبەش، ڕێگە لە پێکهاتەی زۆرینەش دەگرێت هەندێکیان هەندێکی تریانەوە بکات بەفشار و هەوڵبدات بەسوود وەرگرتن لە ناکۆکییەکانی نێوانیان پێگەیان لاوازبکات و تواناکانیان بەرەو داڕزان بەرێت، ئەمە جگە لەوەی هەروەک وتمان پێکەوە باشتر دەتوانن ڕووبەرووی ئەگەرو گۆڕانکاریە چاوەروانکراوەکان ببنەوە، بۆئەوەی دەرفەتیان لەدەست نەچێت و مەرجیان بەسەردا نەسەپێنرێت و گۆڕانکارییەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندە سیاسییەکانی خۆیانەوە بقۆزنەوە.

پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە تەحەدایەکی سیاسی و ئەخلاقی نوێیە بۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد، کە لەپەیوەندی لەگەڵ گەل ونیشتیمان و هەرێمسازیی وبیناکردنەوە و تێکەڵکردنی توانا نیشتیمانییەکان و زاڵبوون بەسەرناکۆکی و دابەشبوونە خێڵایەتیە سیاسییە خوار نەتەوەییەکاندا، لەژێر پرسیاری جدیدایە. ناکرێت ئەم عەقڵە بەنیمچە بەردەوامی لەبازنەیەکی نیمچە داخراودا بسوڕێتەوەو توانای برینی قۆناغی نەبێت، مێژوو بەرهەم بێنێتەوە و بۆئاستی خەمە نیشتیمانییە گەورەکان بەرز نەبێتەوە و لە بەرهەمهێنانی سازان وهاوکۆیی نیشتیمانی بەوجۆرە دەستە وستان وناکارا بێت. لەکاتێکدا کورد بێ پاڵپشتی هەرێمایەتی ڕاستەقینەیە، لەهەموو پێکهاتەو هێزێکی تر لە عێراق و ناوچەکە زۆرتر و زیاتر پێویستی بە هاوهەڵوێستی، یەکخستنی توانا نیشتیمانییەکان، چوارچێوەو کاری هاوبەشە، بۆئەوەی لەرێی قووڵکردنەوەی هاوچارەنووسی ناوخۆیی ودەستگرتن بە چەسپاوە نیشتیمانییەکانەوە، قەرەبووی نەبوونی پاڵپشت و قووڵایی هەرێمی بکاتەوە، دۆستە نێودەوڵەتیەکانیش زۆرتر قەناعەت پێ بکات کە دەتوانێت وەک خاوەن دۆزێکی نەتەوەیی وناسیۆنالیزم مامەلەبکات، بەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانیدا سەربکەوێت و وێنای نەتەوە لەخۆی نیشان بدات.

لێرەشەوە ئەوەی لە ئێستادا لەنێوان پارتی ویەکییەتیدا دەگوزەرێت، دژ بەئەرکە نیشتیمانییە هاوبەشەکان وبەرژەوەنییە باڵاکانی گەلی کوردستانی باشوور و ناسیۆنالیزمی کوردی وپێداویستی و پێشمەرجەکانی بەرگری کردن لەماف ودەستکەوتەکان و خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکان و ئەو دەرفەت ومەترسیانەی لەگەڵ خۆیان سەبارەت بە ئێمە هەڵی دەگرن. ئەمەی دەگوزەرێت و ڕوودەدات نائاساییە، خەمساردی بەرامبەر گەورەیی دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم گەلەکەمان وپرسەکەی پێوە دیارە.چونکە کوردی باشور پێویستی بە چوارچێوەی کاری هاوبەشە، پێویستە هێزو فراکسیۆنەکانی بەبەرنامەو وەفدی هاوبەشەوە بچنە ناوگفتۆوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە. بەرەو ڕووی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش خاوەنی گوتارو دیدو خوێدنەوەو ستراتیژی هاوبەش بێت. لێرەشەوە ئاساییە چاوەکان لەسەر بارزانی بن بۆئەوەی لەرێی خۆی یاخود سەرۆکایەتی هەرێم یاخود هەر فۆڕم و شێوازێکی تر، بۆ خستنە ڕووی دەستپێشخەریەکی بوێرانە تەکاندەر بەمەبەستی درووستکردنی چوار چێوەی هاوبەشی کاری کوردی لە بەغدا، تەختکردنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی دام ودەزگاکان، دەست شلکردن لەهەندێ داواکاری حیزبی وهەوڵدان بۆ پەسندکردنی دەستورێک بۆهەرێم، بۆئەوەی دۆخەکە بەئاقاری ناوخۆدا لەم چەقبەستوویی و بنبەستە سیاسی ودامەزراوەییە دەربچێت وئاسۆیەکی نوێ بەرووی ئایندەدا بە ڕووماندا بکرێتەوە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە