spot_imgspot_img

قوباد تاڵەبانی: پێویستە کۆمەڵگا لە توندوتیژی دژی ژنان پاک بکەینەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگا لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان پاک بکەنەوە.

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویکردەوە قوباد تاڵەبانی دەڵێت: “کورد نەتەوەیەکی بە شانسە کە خاوەنی کولتوورێکە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی، بەڵام دەوڵەمەندە بە رێزگرتن لە پێگەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا. ئەو ئازایەتییەی ژنانی خەباتکاری کورد کە جیهانیان سەرسام کردووە، بەشێکی گرنگی سەرچاوەی گرتووە لەو کولتوورە دەوڵەمەندەی وا پیاوەکان سەری رێز و شکۆ لە ئاست ژنانی ئازا و ئازاددا دادەنوێنن”.

باسی لەوەشکردووە: “لەم رۆژەدا جەخت دەکەینەوە کە پێویستە بە ئیلهام وەرگرتن لە کولتووری رەسەنی خۆمان و هەروەها بە خۆگونجاندن لەگەڵ روحی سەردەم و بەها و پێشکەوتنە جیهانییەکان، کۆمەڵگەکەمان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان پاک بکەینەوە و هاوکات لەگەڵ پتەوکردنی دامەزراوەی خێزانی تەندروست، زەمینە بڕەخسێنین بۆ بەشداریی گەورەتری ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتەکەماندا”.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وتووە: “دروشمی جیهانیی ئەمساڵ یەکگرتنە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان، بە داخەوە ساڵانێکە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا بە شێوەی جۆراجۆر ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە، هەربۆیە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی هەموومان بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە بۆ دانان و جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ کۆتاییهێنان بەم جۆرە لە توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە