تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی بە هەموو شێوەکانییەوە دەردەبڕن.
ئەمڕۆ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، تەئکید لە بەردەوامی هەوڵەکانیان دەکەنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری و کارکردن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ژنان بۆ دابینکردنی پشتگیری و بایەخی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژنانی عێراق و بەهێزکردنی پێگەیان لە کۆمەڵگەدا.
دەشڵێت: “پشتگیری تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی بە هەموو شێوەکانییەوە، و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پشتیوان بۆ ژنان، و بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی، و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو بارودۆخە نائاساییە سەختانەی کە وڵاتەکەمان پێشتر بەسەریدا تێپەڕیوە”.
25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک لە جیهاندا وەک ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی تووندو تیژی دژی ژنان دیاریکراوە، کە تیایدا چالاکی جۆراو جۆر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدرێت.
