گۆڤاری “میلیتاری وۆچ” ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانیی چینی (AVIC)، جۆرێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بە ناوی “وینگ لوونگ ئێکس” نمایش کرد کە توانای دۆزینەوە و شوێنپێهەڵگرتن و بەئەمانجگرتنی ژێردەریاییەکانی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری Military Watch، درۆنی Wing Loong X ئێستا گەورەترین و قورسترین درۆنی چینییە کە بە تایبەتی بۆ ئەرکەکانی چاودێری و هێرشبردن تەرخان کراوە و ئەم بە جۆرێک پەرەی پێدراوە کە بتوانێت ئەرکە دوورمەوداکان لە بەرزاییەکی زۆرەوە جێبەجێ بکات.
یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی بەهێزیی Wing Loong X بریتییە لەوەی توانای هەیە بۆ ماوەی 40 کاتژمیر لر ئاسماندا بمێنێتەوە، ئەم ماوە درێژە، پێشکەوتنێکی گەورەیە بە بەراورد بە فڕۆکە فڕۆکەواندارەکانی دژە ژێردەریایی وەک Boeing P-8ی هێزی دەریایی ئەمریکا کە تەنها دەتوانێت نزیکەی 10 کاتژمێر بفڕێت. هەروەها، بەهۆی درێژیی باڵەکانی کە لە 20 مەتر تێدەپەڕێت، درۆنەکە دەتوانێت ناوچەیەکی بەرفراوانی دەریایی بۆ ماوەیەکی زۆر چاودێری بکات و چاودێری هەمیشەیی دابین بکات.
چین بۆ یەکەمجار جۆری درۆنی Wing Loong Xی لە پێشانگای Airshow China 2024 نمایش کرد. کۆمپانیای AVIC ڕایگەیاندووە کە ئەم درۆنە، جگە لە ئەرکە جەنگییە دەریاییەکان، توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی و گواستنەوەی سیگناڵی هەیە بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دەریا و وشکانیدا.



