spot_imgspot_img

بەبەشداری سەدان کۆمپانیا هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بەروبوومی کشتوکاڵی و خۆراک کرایەوە

بە بەشداری ٣٥٢ کۆمپانیا، هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی عێڕاق بۆ بەروبوومی کشتوکاڵیی و خۆراک لە هەولێر کرایەوە.

ھەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی عێڕاق بۆ بەروبوومی کشتوکاڵیی و خۆراک، چەندین کۆمپانیای ناوخۆی و بیانی کۆکردووەتەوە کە جۆرەھا بابەتی خواردن و جوانکاریشی تێدا نمایشکراوە، لە نێو ئەو ھۆڵەی پێشانگاکەدا، بەرھەمە تورکییەکان سەرنجێکی جیاوازی سەردانیکارانییان ڕاکێشاوە، جۆرەھا کاڵایان نمایشکردووە لەوانە خواردن و شیرنەمەنییەکان و میوەی وشکراوە و چەندین جۆری دیکەی خواردن و خواردنەوە گازییەکان.

کۆمپانیای بەیداخ کیمیا کە بەرهەمە جوانکارییەکانی نمایشکردووە و لە وڵاتی تورکیاوە هاتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە فرۆشتن، هاوکات یارمەتی تەکنیکی پێشکەش بە کڕیارەکان دەکەن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە یارمەتی دارایی پێشکەش بەو کەسانەش دەکەن کە خواستی پڕۆژەیەکی نوێیان هەیە.


یوسف ساڵح، نوێنەری کۆمپانیای بەیداخ کیمیاڕایگەیاند، “ئەمە سێیەم جارە کە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەین، هەموو جارێک کڕیاری نوێ دەناسین، بابەتەکانی ئێمە کەرەستەی خاوە بۆ پاککردنەوە و جوانکاری، بۆیاخ و سلیکۆن، لە چوارچێوەی کارەکانماندا، پشتگیریی تەکنیکیش پێشکەش بە کڕیارەکانمان دەکەین، هەروەها ئەگەر کڕیارێک بیەوێت پڕۆژەیەکی نوێ بکات یان بەرھەمێک پەرەپێبدات، ئێمە لەم ڕووەوە یارمەتیان دەدەین”.

یوسف ساڵح وتیشی: “ئێمە بەرهەمەکانمان بۆ ٢٠ وڵات هەناردە دەکەین، هەروەها باسی بابەت و پڕۆژەکانمان بۆ کڕیارەکان دەکەین بۆ ئەوەی زانیاری تەواوییان لەسەر بەرهەمەکانمان هەبێت”.

هاوکات یەکێکی دیکە لە کۆمپانیا تورکییەکان کە بەرهەمە شیرنەمەنییەکانی نمایشکردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمە تورکییەکان هەیە و وەک یەکێک لە بڕاندە بەناوبانگەکان لە جیهان سەیر دەکرێت.

دلێر ناسر، نوێنەری کۆمپانیای ئارتوک وتی: “بۆ جاری یەکەمە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەین بۆ پێشکەشکردنی جۆرەها شێوازی و تامی شکولاتەی جیهانی دروستکراوی تورکیا کە بووەتە بڕاندێکی بەناوبانگ لە جیهاندا، هەروەها خۆشحاڵین کە خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر بەروبوومی تورکیی هەیە”.

دلێر ناسر وتیشی: “خەڵک زیاتر حەز لە قاوە و شکولاتە دەکات، بەرهەمەکانمان زیاتر لە ٣٠ جۆر دەبن و هەر وەرزێک شتێکی جیاواز دەخەینە بازاڕەوە، چاوەڕێ دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانیکارێکی زۆرمان هەبێت، هەم هاووڵاتیی و هەم بازرگانان”.

لە پێشانگاکەدا، چەندین کۆمپانیای هیندی بەشدارن و جۆرەها بەروبوومی و کاڵای جیاوازیان نمایشکردووە، هەروەها چەند جۆرێک لە برنجیان نمایشکردووە کە لە ڕووی ڕەنگ و شێوەوە لە یەکتر جیاوازن.

لای خۆشیە ڕازان ئازاد، نوێنەری کۆمپانیای باگۆتی هیندیا وتی: “پێنجەم جارە بەشداری ئەم جۆرە پێشانگایە دەکەین، ئێمە زیاتر بەرهەمی برنج نمایش دەکەین، ئەوانەی لێرەن هەموو جۆرەکانی برنجە، هەرچەندە لێرە لە عێڕاق برنجە ڕەنگ سپییەکە باوە، بەڵام جۆرەکانی دیکەش هەیە کە ڕەنگیان جیاوازە، لە هەر وڵاتێک بەجۆرێک خواستی لەسەرە و تامیشیان جیاوازی هەیە”.

ڕازان ئازاد وتیشی: “ئەوەی بۆ عێڕاق بەکاردێت تەنیا یەکێک لەم جۆرانەی برنجە و یەکێکیشە لە باشترین جۆرەکانی برنج، هەروەها دوو جۆری نوێ نمایشکراون کە زووتر دەكوڵێت، هەروەها لە ڕووی تامیشیەوە جیاوازیی هەیە و، خەڵکیش حەز دەکات جۆرەکانی برنج تاقییبکاتەوە و بەهۆیەوە سەردانیکارێکی زۆرمان هەیە”.

پێشانگاکە ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا کۆمپانیاکان بەروبووم و کەلوپەلەکانییان نمایش دەکەن و سەردانیکارێکی زۆریش سەردانی پێشانگاکە دەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە